عێراق لە 2050 دانیشتووانی دەگاتە 76 ملیۆن و ساڵانە نیو ملیۆن هەلی كاری پێویستە

:: AM:10:23:04/11/2026 ‌
پسپۆر و سەرۆكی دامەزراوەی "عێراقی داهاتوو" بۆ ڕاوێژ و توێژینەوەی ئابووری ئاشكرای كرد، پێشبینی دەكرێ لە دوو دەیەی داهاتوو و تا 2050، ژمارەی دانیشتووانی عێراق بگاتە 76 ملیۆن كەس، ئەمەیش پێویستی بەوەیە ساڵانە نیو ملیۆن دەرفەتی كار بڕەخسێنرێت و لە ڕووی سیستمی خوێندن و تەندروستیشەوە پێشڤەچوونی گەورە بهێنرێتە دی.

مەنار عوبێدی سەرۆكی دامەزراوەی "عێراقی داهاتوو" بۆ ڕاوێژ و توێژینەوەی ئابووری، لە شرۆڤەیەك بە ناونیشانی "30 ملیۆن عێراقی زیاتر.. چی پێویستە بۆ داهاتوویان" بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، پێشبینییەكانی وەزارەتی پلاندانان كە لە 2024 دانراوە، ئاماژە بەوە دەكەن كە تا 2050 ژمارەی دانیشتووانی عێراق، لە 46 ملیۆنی ئێستەوە بۆ 76 ملیۆن هاووڵاتی بەرز دەبێتەوە، ئەو ژمارەیە تەنیا بۆ گفتوگۆ نییە، بگرە ڕاستییەكە و پێویستە ئامادەكاریی زۆری بۆ بكرێت.

كاتێك ژمارەی دانیشتووان بگاتە 76 ملیۆن كەس، ئەوا پێویستییەكانی كەرتی تەندروستی و پزیشك و پەرستاران سێ هێندە زیاتر دەبێت، ئێستە نزیكەی 50 تا 105 هەزار پزیشك و 126 هەزار تا 273 پەرستار و 565 تا هەزار و 135 نەخۆشخانە و شەش هەزار 700 ناوەندی تەندروستی بوونیان هەیە، بۆ ئەو كاتە دەبێ ئەو ژمارانە سێ هێندە زیاتر بن.

ئاماژەی داوە، كەرتی خوێندن بەهەمانشێوە ئێستە كە تێچووی خوێندنی قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لەسەر حكوومەت 11 تریلیۆن دینارە، ئەوكات بۆ 26 تریلیۆن دینار بەرز دەبێتەوە، لە ڕووی كاركردنەوە پێویستە دەرفەتی كاری نوێ بخرێتە ڕوو، بەلای كەمەوە بۆ هەر ساڵێك پێویستمان بەوە دەبێ نیو ملیۆن دەرفەتی كاری زیاتر بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر بكەین.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئەو پسپۆرە گوتی، ئەگەری هاتنەدی و ڕاست دەرچوونی ئەو ژمارانە بە ڕێژەی 95%ە، بۆیە پێویستە سیاسەت و ڕێوشوێنی بە پەلە لە كەرتی تەندروستی و خوێندن و كار و ئاوەدانكردنەوەی ژێرخان بۆ بگیرێتەبەر، بە پێچەوانەوە گەشەی دانیشتووان هەر زیاد بكات و ئەو بوارانەیش وەك خۆیان بمێننەوە، كۆمەڵگەیەكی هەژار و كەمترین گەشەسەندوو لە عێراق دروست دەبێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د