هێزێكی سەربازیی ئیسرائیلی كە چەندان ئۆتۆمبێلی سەربازی و تانك پێكهاتوون، بەرەو رووسیا جووڵەیان پێ كراوە. وەك پێشتریش هاوشێوەی هەمان جووڵە لە ناو خاكی سووریا لەلایەن ئیسرائیلەوە هەبووە.
پەیامنێری پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم چواری تشرینی دووەم ئاشكرای كردووە، هێزە ئیسرائیلییەكە كە لە پێنج ئۆتۆمبێلی سەربازی و سێ تانك پێكهاتوون، لە گوندی مەعریە و عابدین و جوملە لە ناوچەی حەوزی یەرمووك لە دەوروبەری دەرعای رۆژئاواوە جووڵەیان پێ كراوە، روویان لە گوندەكانی مەسیسیۆن و مەسریتیە كردووە، لەوێشەوە دەگەنە دەوروبەری قەنتیرەی باشوور و سەیدا حانووت. باس لەوە دەكرێ كە ئامانجیان جووڵەیەكی سەربازییە.
باس لەوەش دەكرێ كە هێزەكە، بە سێ تانكەوە بەرەو ناوچەی تەل مەعكەر چوون كە دەكەوێتە دەوروبەری قەنتیرەی باشوور و لەوێ جووڵەی سەربازی ئەنجام دەدەن.
پەیامنێرەكە ئەوەشی گوت كە هێزەكە چەندان ئامێری ئەندازیارییان پێیە و كاری هەڵكەندن و دروستكردنی سەنگەر لە رۆژئاوای ناوچەی سەیدا حانووت دەكەن، ئەویش بەپێی كارەكانی پڕۆژەی ناسراو بە هێڵی "سوفا 53"، ئامانجیش دروستكردنی سەنگەری دیواری خۆڵ لە ناوچەكەیە.
بەتایبەتی لە دوای نەمانی رژێمی بەشار ئەسەد و دامەزراندنی حكوومەتی كاتیی سووریا، ناوچەكانی حەوزی یەرمووك لە درعا و قەنتیرە، رووبەڕووی هێزە سەربازییەكانی ئیسرائیل بوونەتەوە و ئەو جووڵانە بەردەوامییان هەیە، لە هێنانی ئامێری سەربازی و سەربازە ئیسرائیلییەكان و دانانی خاڵی پشكنین لە زۆر شوێنی ناوچەكە و پشكنینی هاووڵاتییان.
تا ئێستە لەبارەی ئەو جووڵەیەی دوایی ئیسرائیل، حكوومەتی كاتیی سووریا قسەی نەبووە.