ئۆباما: ئەمەریكییەكان سیاسەتی یەكگرتنیان لەبری دابەشبوون هەڵبژارد

:: AM:11:18:04/11/2026 ‌
باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا لە پەیامێكدا ئاشكرای كرد، دەرئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی نوێكردنەوەی نیوەیی پەیامێكی ڕوونی دەنگدەرانی ئەمەریكایە كە دەیانەوێ سیاسەتێك لە وڵات پێڕۆ بكرێ، سەرجەمیان كۆ بكاتەوە، نەك دابەشیان بكات، باسی لەوەیش كردووە، كە ترەمپ و حكوومەتەكەی دوو ساڵ دەسەڵاتیان ماوە و پێویستە دیموكراتەكان كار بكەن بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری و كەمكردنەوەی زیانەكان و دانانی بنەمایەك بۆ داهاتوو.

ئۆباما لە پۆستێكی لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، ئەنجامی هەڵبژاردن دەریخست كە بەشێك لە كاندیدە باش و تایبەتەكان لە زۆربەی بازنەكانی هەڵبژاردن لە پێشەوەن و براوە، بە تایبەت لەو ناوچانەی كە ئاستی سەركەوتنی دیموكراتەكان تێیدا زۆر كەم بوو. كاندیدەكانمان باكگراوەندی جۆراوجۆر و ئاراستەی سیاسی جیان هەیە، بەڵام لەسەر بەها هاوبەشەكان ڕێككەوتوون، ئەویش باوەڕبوونە بە خزمەتكردنی گشتی و پابەندبوو بە بەخشینی كاری لە پێشینە بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتییان و ویلایەتەكانیان.

سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا پەسنی خۆبەخشانی دیموكراتی و كۆمارییەكانی كرد، كە بەشداربوون لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی رێكوپێك و بێ كێشە و یەكێك لە گرنگترین ئەركی سیستەمە دیموكراتییەكەیان جێبەجێكرد.

لەبارەی قۆناغی داهاتوو، باراك ئۆباما باسی لە حكوومەتی ترەمپ  كرد و گوتی، تا ئێستە دوو ساڵ دەسەڵاتیان ماوە و پێویستە دەسەڵاتەكانمان بەكاربهێنین بۆ گۆڕانكاری و ڕێگرتن لە زیانی گەورەتر.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، سەرەڕای ئەوەی حكوومەتی ئێستە دوو ساڵ تەمەنی ماوە، بەڵام ئەركی ئێمە ئەوەیە گۆڕانكاری گەورە ئەنجام بدەین و بنەمایەك بۆ داهاتوویەكی باشتر دابنێن.

ئەو پەیامەی ئۆباما لە كاتێكدایە كە دیموكراتەكان لە هەڵبژاردنی كۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیران زۆرینەی كورسییەكانیان بردووەتەوە و ئێستە دەسەڵاتی كۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیران لە ژێر دەستی ئەواندایە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د