پەروین بۆڵدان ئەندامی شاندی ئیمراڵی، لە پەیامێكدا بە بۆنەی تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر گرتنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغدا ڕای گەیاند، ئەو زیندانیكردنە درێژخایەنە ستەمێكی گەورەیە نەك تەنیا لە هاوڕێكانیان، بەڵكو لە ئیرادەی ملیۆنان كەس و دیموكراسی.
پەروین بۆڵدان لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس بڵاوی كردەوە، "ئەم زیندانیكردنەی كە ماوەی 10 ساڵە بەردەوامە، ستەمێكی قورس و گەورەیە، نەك تەنیا بەرانبەر بە هاوڕێكانمان، بەڵكو بەرانبەر بە ئیرادەی ملیۆنان هاووڵاتی و بنەماكانی دیموكراسی."
سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، سیاسەتمەدارانی كورد و هاوسەرۆكانی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بوون.
لە چواری تشرینی یەكەمی ساڵی 2016ـەوە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە بە تۆمەتی پێوەندییان لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و لەسەر دۆسیەی كۆبانی، گیراون و لە گرتووخانەن.
دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا چەندان جار داوای ئازادكردنیانی كردووە و ڕای گەیاندووە، مافەكانیان پێشێل كراوە و قسە و هەڵوێستەكانیان لە چوارچێوەی ئازادیی ڕادەربڕیندایە، بەڵام حكوومەتی توركیا ئەو بڕیارانەی جێبەجێ نەكردووە.