یەكێتیی زانایانی كوردستان لەبارەی كۆنگرەی ئیستانبوڵ و باس نەكردنی پرس كورد، نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت و رای دەگەیەنێت، كەم میلەت هەیە وەك گەلی كورد رووبەڕووی ستەم بووبێتەوە، هەر لە كیمیاباران و ئەنفال و زەبروزەنگی تۆپ و فڕۆكەوە بگرە، تا دەگاتە بە رەوا نەبینینی مافی چارەنووس و سەربەخۆیی، ئەمە لە حاڵێكدا هەموو كات گەلی كورد ستەمی رەت كردووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم چواری تشرینی دووەم، لە راگەیەنراوێكی یەكێتیی زانایانی كوردستاندا هاتووە، لە شاری ئیستانبوڵی توركیا كۆنگرەیەك بە بەشداریی ژمارەیەكی بەرچاو لە كەسایەتی ئاینی دیاری دنیای ئیسلامی بەڕێوە چوو كە لەلایەن یەكێتیی جیهانی زانایانی مسوڵمان رێكخرابوو.
ئاماژە بەوەش كراوە، ئێمە لە یەكێتیی زانایان دەستخۆشی لە هەر هەوڵ و هەنگاوێك دەكەین كە لە بەرژەوەندیی گشتی و خزمەتی نەتەوەكان و مسوڵمانان بێت، بەڵام نیگەرانیمان لە كۆنگرەكە لەوەدایە كە لەم كۆنگرەیەدا وێڕای بانگهێشتنەكردنی یەكێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، كە نوێنەرایەتیی راستەقینەی زانایانی ئاینی لە كوردستان دەكات، لە هەمان كاتدا لە بەلاغی كۆتایی كۆنگرەكە بە وشەیەكیش باسی پرسی گەلی كوردی مسوڵمان لە چوارچێوەی نەتەوە بەشخوراوەكان و ستەملێكراوەكان نەكراوە، كە 100 ساڵە بە جۆرەها شێوە ستەمی لێ كراوە، ئێستە رووبەڕووی ئاستەنگی ناڕەوا دەكرێتەوە و كەس دەنگی لێوە نایەت.
روون كراوەتەوە، كەم میلەت هەیە وەك گەلی كورد رووبەڕووی ستەم بووبێتەوە، هەر لە كیمیاباران و ئەنفال و زەبروزەنگی تۆپ و فڕۆكەوە بگرە، تا دەگاتە بە رەوا نەبینینی مافی چارەنووس و سەربەخۆیی، ئەمە لە حاڵێكدا هەموو كات گەلی كورد ستەمی رەت كردووەتەوە.
ئەو یەكێتییە دەڵێت، كورد وەك ناسنامەی ئاینی بەشێكە لە ئومەتی ئیسلامی، بەڵام وەك نەتەوە گەلێكە وەك هەموو گەلانی تر، خوای گەورە ناسنامەكەی بۆ دیاری كردووە و كوردە، بۆیە گلەییمان ئاراستەی رێكخەرانی ئەم كۆنگرەیە و بەشداران دەكەین دەبوو باسی دۆزی كورد بكرێت كە دراوسێی كۆنگرەكە بووە، نەك باسی وڵاتانی ئەوسەری دنیا بكرێت و كورد پەراوێز بخرێت.