گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، پەرلەمانی كوردستان شوێنی ڕاستەقینەی دانوستانی سیاسی و یاساییە.
ئەمڕۆ چوارشەم چواری تشرینی یەكەم، مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت، پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی زۆرینەی پەرلەمانتاران، درێژەی بە كۆبوونەوەی یەكەمی خۆی دا و لە پرۆسەیەكی یاسایی و دیموكراتیدا، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی هەڵبژارد.
ئاماژە بەوەش كراوە، وێڕای پیرۆزباییمان لە هەموو كوردستانیان، پیرۆزبایی لە سەرۆكی پەرلەمان و جێگر و سكرتێری پەرلەمان دەكەین و لەم ئەركە نیشتمانییەیاندا هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازین. ئەمە هەنگاوێكی درەنگوەخت، بەڵام پێویست بوو لە پێناو پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان. بەداخەوە دوو ساڵە بەهۆی بڕیاری سیاسیی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانی و نەوەی نوێ، ئەم دامەزراوە شەرعییەی هەرێم كە نوێنەرایەتیی دەنگ و ئیرادەی خەڵك دەكات پەكخرابوو.
گوتەبێژی پارتی دەڵێت، ئەمڕۆ زۆرینەی پەرلەمانتاران لە فراكسیۆنەكان، بە هەستكردنیان بەرانبەر بە ئەركی نیشتمانیان و ڕێزگرتن لە دەنگی خەڵك و پابەندییان بە سوێندی یاسایی، پرۆسەی دیموكراسییان سەرخست و كۆتاییان بەو بۆشاییە یاساییە و خۆسەپاندنی كەمینەیەكی سیاسی هێنا. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی كە هەڕەشەی زۆر لە هەندێ پەرلەمانتار و كەسوكاریان كراوە، ئەمەش ئاماژەیەكی مەترسیدارە و هەڕەشەیە لە دیموكراسی و ئیرادەی خەڵك و دەربڕی عەقڵییەتێكە كە خزمەت بە دیموكراتیزەكردنی بوارەكانی ژیانی كۆمەڵگەی كوردستان ناكات.
"هیوادارین هەموو لایەك ڕێز لە ویست و ئیرادەی خەڵك و پرۆسەی دیموكراسیی بگرن. پەرلەمانی كوردستان شوێنی ڕاستەقینەی دانوستانی سیاسی و یاساییە و فاكتەری یەكڕیزی و یەكگرتنی ناوخۆی كوردستانە. كارابوونەوەی پەرلەمان دژی هیچ كەس و لایەنێك نییە، دەرگا كراوەیە بۆ هەموو لایەك و ئومێدەوارین دوابەدوای كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، فراكسیۆنی لایەنەكانی تریش بڕیاری ئەرێنی بدەن و بەشداربن لە پاراستنی شەرعییەت و قەوارەی هەرێمی كوردستان، هەروەها ئەم هەنگاوە ببێتە هاندەر بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی هاوبەش لە بەرەوپێشبردنی هەرێمی كوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا، لێكنزیككردنەوەی هەموو بۆچوونەكان بۆ خزمەتی خەڵك و ئایندەی كوردستان"، لە راگەیەنراوەكەی گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتووە.