فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، پیرۆزبایی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان دەكات و رای دەگەیەنێت، كارابوونەوەی پەرلەمان هەنگاوێكی گرنگە بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم و زەوینەسازییەكی بەهێزە بەرەو پێكهێنانی حكوومەتێكی كارا.
ئەمڕۆ چوارشەم چواری تشرینی دووەم، لە راگەیەنراوێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراقدا هاتووە، بەبۆنەی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان دوای دوو ساڵ لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، گەرمترین پیرۆزبایی لە تەواوی گەلی كوردستان دەكەین.
فراكسیۆنی پارتی لە راگەیەنراوەكەیدا دەڵێت، كارابوونەوەی پەرلەمان هەنگاوێكی گرنگە بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم، زەوینەسازییەكی بەهێزە بەرەو پێكهێنانی حكومەتێكی كارا و خزمەتگوزار كە لە ئاست داواكارییەكانی هاووڵاتییاندا بێت، تەبایی نێوان سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان قووڵتر بكاتەوە.
ئاماژە بەوەش كراوە، دانیشتنی ئەمڕۆ دەستكەوتێكی نیشتمانییە؛ دەستخۆشی لە سەرجەم ئەو ئەندامە بەڕێزانەی پەرلەمان دەكەین كە بە بەشدارییان وەڵامی ئیرادەی ڕەوای خەڵكی كوردستانیان دایەوە.
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە دەبێتە فاكتەرێكی بەهێز بۆ ئاستێكی باڵاتری هاوئاهەنگی و هاوكاریی نێوان ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان، لە پێناو پاراستنی مافە دەستوورییەكانمان.