وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەكەم خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی ئابووری.
لە راگەیەنراوێكی وەزارەتەكەدا هاتووە، بڕی 834 ملیار و 920 ملیۆن دینار وەك تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەكەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق.
باس لەوە كراوە كە هاوشێوەی چەند مانگی ڕابردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەك پشكی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی تشرینی یەكەم لە كۆی تەمویلی مووچە بڕیوە.
هەروەها بڕی چوار ملیار و 476 ملیۆن و 540 هەزار دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەكەم نەناردووە كە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەكانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
ئەوەیش خراوەتە ڕوو، لەبەرئەوەی كاتی داخڵ بوونی پارە بۆ سەر هەژماری وەزارەت كەوتە كۆتایی دەوامی فەرمی، بەو هۆیەوە تەواوكردنی ڕێكارەكان و وەرگرتنی پارەكە لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق دەكەوێتە سبەی لە كاتی دەوامی فەرمی.
هاوكات ئەمڕۆ چوارشەم لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بڵاودەكرێتەوە، بەهۆی ئەوەی ڕێكارەكانی گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری بانكی مووچەخۆران پێویستی بە ڕێكاری تەكنیكییە لە بانكی ناوەندی عێراق بە سیستەمی ( ACH ) و جێبەجێكردنی ئەو ڕێكارەش پێویستی بە ماوەی ڕۆژێكی تەواو هەیە، ئەوەش وادەكات تەواو كردنی ڕێكارەكانی گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری مووچە خۆران بكەوێتە ڕۆژی یەكشەم، چونكە ڕۆژی هەینی و شەموو پشووی فەرمییە لە بانكی ناوەندی عێراق و ناتوانرێت لەكاتی پشوودا ئەو ڕێكارانە ئەنجام بدرێت.