سەرۆك بارزانی: كاراكردنەوەی پەرلەمان لە دژی هیچ كەس و لایەنێك نییە

:: PM:04:04:04/11/2026 ‌
سەرۆك بارزانی بە بۆنەی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، كاراكردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێكە بە ئاراستەی پاراستن و بەهێزكردنی هەرێمی كوردستان و لەدژی هیچ كەس و لایەنێك نییە و بە دڵنیاییەوە لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان و پڕۆسەی سیاسیدا دەبێت.

دەقی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی: 
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی كاراكردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەم.

دوای دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان خۆشبەختانە توانرا پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە. لێرەدا سوپاسی هەموو ئەو پەرلەمانتارانە دەكەم كە هەڵوێستیان هەبوو و بە ئەركی یاسایی و نیشتیمانی خۆیان هەستان و ئەم دامەزراوە دەستوورییەی هەرێمیان كارا كردەوە.

كاراكردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێكە بە ئاراستەی پاراستن و بەهێزكردنی هەرێمی كوردستان و لەدژی هیچ كەس و لایەنێك نییە و بە دڵنیاییەوە لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان و پڕۆسەی سیاسیدا دەبێت.

ئێستا كە پەرلەمان دەستی بەكارەكانی كردووە، داوا لە هەموو ئەو لایەنە بەڕێزانە دەكەم كە بەشداری ئەو پڕۆسەیە نەبوون، ئەوانیش بەشداریی بكەن و پێكەوە لەپێناو خزمەتكردنی گەلی كوردستان و هەنگاوەكانی تر هاوكار و یارمەتیدەری پڕۆسەی سیاسی بن.

مسعود بارزانی
4ی تشرینی دووەمی 2026



وشە - وشه‌