نیشتمان ناوپردانی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، من دەنگم بۆ ئەوە وەرنەگرتووە لە ماڵەوە دانیشم، دەنگم بۆ ئەوە بەدەستهێناوە خزمەت بكەم، ئەگەر خزمەت نەكەم، ئەوا من خۆم خیانەتم كردووە.
ناوپردانی لە پەیامێكدا رای گەیاند، بەندە ئەمڕۆ چوومە پەرلەمان، زۆر كەس پرسی، هەندێكیش بە پەلە حوكمیان دا و ناوی "خۆفرۆش"یان بەكارهێنا، پرسیارەكە ئەوە نییە ئایا من بچمە پەرلەمان یان نا، بەچوون و نەچوونم پرسێكی زۆر گەورە دروست دەكات نا پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا دەبێت قەوارەی هەرێم بكەینە بارمتەی ململانێیەكی سیاسی كە دوو ساڵە هیچ ئەنجامێكی نەبووە جگە لەوەی پەرلەمانتار لە ماڵەوە دانیشێت و مووچە وەربگرێت؟.
"من دەنگم بۆ ئەوە وەرنەگرتووە لە ماڵەوە دانیشم، دەنگم بۆ ئەوە بەدەستهێناوە خزمەت بكەم، ئەگەر خزمەت نەكەم، ئەوا من خۆم خیانەتم لە دەنگی ئێوە كردووە و ئایە بەس بەناو پەرلەمانتاربم؟ لێتان ناشارمەوە پەرلەمان ساڵێكی تر كارا نەكرایەتەوە دەستم لە پەرلەمانتاری دەكێشایەوە، بەندە مرۆڤێكی عەجولی خزمەتكاری خەڵكم دانیشتن لەماڵەوە بۆ ئێمە و بەناماڵەكەمان نەكراوە" ناوپردانی وای نووسیوە.
دووپاتی كردووەتەوە كە بەغدا چاوەڕێی ئەو ساتەیە ئێمە خۆمان بڵێین ئێمە ناتوانین خۆمان بەڕێوەببەین، پەرلەمانێكی داخراو، دامەزراوەیەكی پەكخراو، باشترین پاساوە بۆ ئەوەی قەوارەكەمان لاواز بكەن. "من كچی شەهیدێكی گەورەی كوردستانم، باوكم و كەسوكارم خوێنیان بۆ ئەم قەوارەیە داوە، نەك بۆ ئەوەی من بە دەستی خۆم بیانوو بدەمە دەست ئەوانەی دەیانەوێت هەڵیبوەشێننەوە. پاراستنی قەوارەی هەرێم بۆ منێكی كچە شەهید لە هەموو موزایەدەیەكی سیاسی پیرۆزترە، ئەگەر ئەمەم نەكردبا، ئەوا خوێنی باوكم بە فیڕۆ دەچوو، لەو دنیادا پرسیاریكردبا ئایە چیتكرد تا خوێنی ئێمە بۆ پاراستنی ئەم قەوارەیەو مافەكانی كورد بپارێزی، بمگوتایە دوو ساڵ لەماڵەوە دانیشتم؟! یان چوار ساڵ لەماڵەوە موچەم وەرگرتوو هیچ چالاكییەكم نەبوو؟".
لە كۆتایشدا داوای لێبووردنی لە دەنگدەرانی كردووە كە دوو ساڵە بەهۆی بڕیارە سیاسییەكانەوە هیچ چالاكییەكی نەبووە، نە بەیاسایەكی شایستە نەبەكارێكی باش لەپەرلەمان بۆیان.