هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی هەوڵی وڵاتانی ناوەندگیر بۆ دەست پێكردنەوەی دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی شەڕ لە ناوچەكە، ئێران هەڕەشە لە وڵاتانی ناوچەكە دەكات، بەوەی لە ئەگەری هەر هێرشێكی نوێ بۆ سەر ئێران، وەڵامدانەوە تەنیا بنكەی سەربازییەكانی ئەمەریكا ناگرێتەوە.
حەمید رەزا موقەدەم فەر راوێژكاری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ئاماژەی كرد، وڵاتانی وەك ئیمارات و بەحرێن، كە بنكەی سەربازی بۆ ئەمەریكا بۆ لێدانی ئێران تەرخان دەكەن، وا دەكات ئێران لە وەڵامدا تەنیا ئەو بنكانە نەكاتە ئامانج، بۆیە ئێران لەگەڵ هەر هێرشێكی ئەمەریكا و ئیسرائیل بە رێسای نوێی سەربازی جیاواز لەوەی پێشوو مامەڵە دەكات.
روونی كردەوە، گەل و بەرپرسانی ئێران جیاوازییەكی ریشەیی لە نێوان كۆمارییەكان و دیموكراتەكان نابینن، پەرەسەندنە سیاسییە ناوخۆییەكانی ئەمەریكا گرنگییەكی زۆریان لە سیاسەتەكانی ئێراندا نییە، ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی ئەمەریكا راپرسییەك بوو بۆ شەڕی دژ بە ئێران، شكستی ترەمپ رەنگدانەوەی شكستی ئەمەریكایە لەو شەڕە، بەڵگەیەكی ترە لەسەر هێزی ئێران.
دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا هەوڵی هەڵاتن لە ناوچەكە دەدات، چونكە دەزانێت كە هیچ هەلێكی بۆ زیندووكردنەوەی بنكە سەربازییەكانی نییە، وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هەر هێرشێكی نوێی ئەمەریكا و ئیسرائیل تەنای بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا ناگرێتەوە، بەڵكو ئامانجەكان فرەوانتر دەبن، ئەگەر وڵاتانی وەك ئیمارات و بەحرێن بنكە سەربازییەكانیان بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكار بێنن.