زەیدی لە بەحرێن باسی سەقامگیریی ناوچەكە دەكات

:: PM:05:03:04/11/2026 ‌

لە میانی سەردانێكی فەرمی بۆ مەنامەی پایەتەختی بەحرێن، ئەمڕۆ چوارشەم عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق چاوی بە حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە شای بەحرێن كەوت، ئەوان باسی چەند پرسێكی گرنگیان سەبارەت بە پێوەندییەكانی هەردوو وڵات و ناوچەكە كرد، بانگهێشتی شای بەحرێنی بۆ سەردانیكردنی عێراق كرد.

لە راگەیەندراوێكی نووسینگەكەی، زەیدی لەو سەردانەدا چاوی بە شای بەحرێن كەوت و داوەتنامەیەكی فەرمی بۆ سەردانیكردنی عێراق پێشكەش كرد، مەبەستی سەردانەكەی بۆ زیندووكردنەوەی پێوەندیی مێژوویی نێوان هەردوو وڵات دووپات كردەوە، گوتی، هەوڵی بەهێزكردنی پێوەندییە دووقۆڵییەكان لە بوارەكانی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنان و سیاسی و كۆمەڵایەتی دەدەین، هەردوو وڵات ئاسایشێكی هاوبەشیان هەیە.

لای خۆیەوە شای بەحرێن پێشوازی لە سەردانەكەی زەیدی بۆ وڵاتەكەی كرد و بە كردنەوەی ئاسۆیەكی نوێی پێوەندییەكانی هەردوولای وەسف كرد، دووپاتی لە پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ حكوومەتی عێراق كردەوە، جیا لە گرنگیدان بە كاری هاوبەش بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و بەهێزكردنی پێوەندییەكانیان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل