مەسروور بارزانی: كاراكردنەوەی پەرلەمان پابەندبوون و پێگیریكردنە بە جێبەجێكردنی پرۆسەی دیموكراسی

:: PM:05:12:04/11/2026 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان پەیامێكی بەبۆنەی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بڵاو كردەوە و رای گەیاند، "هیوادارم لە ڕۆژانی داهاتوودا، ئەندام پەرلەمانەكانی تریش، بەشداریی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بكەن و ئەركی نیشتمانی و شەرعی و ئەخلاقیی خۆیان جێبەجێ بكەن و لە ئاستی بەرپرسیاریەتیی و متمانەی دەنگدەرانیان بن".

پەیامێك لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە

پیرۆزباییەكی گەرم لە سەرۆكی هەڵبژێردراوی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و جێگر و سكرتێری پەرلەمان دەكەم.

هەروەها پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە ئەندام پەرلەمانە نیشتمانپەروەر و تێكۆشەر و چاونەترس و خەمخۆرەكانی هەرێمی كوردستان دەكەم بۆ پارێزگاریكردن لە شەرعیەت و كاراكردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان.  

بڕیاری ئەمڕۆی ئێوە، وەفادارییە بۆ خوێنی شەهیدان و ویستی دەنگدەران و ئەم هەنگاوە، سەرخستنی ئیرادەی خەڵكی كوردستانە. 

كاراكردنەوەی پەرلەمان، پابەندبوون و پێگیریكردنە بە جێبەجێكردنی پرۆسەی دیموكراسی.

هیوادارم لە ڕۆژانی داهاتوودا، ئەندام پەرلەمانەكانی تریش، بەشداریی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بكەن و ئەركی نیشتمانی و شەرعی و ئەخلاقیی خۆیان جێبەجێ بكەن و لە ئاستی بەرپرسیاریەتیی و  متمانەی دەنگدەرانیان بن.

هەر لێرەشدا داوا لە گشت لایەنەكان دەكەم، لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتیمانی، بێنە پێشەوە، بۆ ئەوەی پێكەوە، خزمەتێكی شایستەتری گەل و نیشتمانمان بكەین و دەسكەوتە دەستوورییەكانمان بپارێزین.

مەسرور بارزانی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
2026/11/4


وشە - وشه‌