ئەمڕۆ چوارشەم موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران وریایی دا بەوەی دەست پێكردنەوە هەر شەڕێكی تر لە رۆژهەڵاتی ناوڕاست، فرەوانتر دەبێت، ئەوەش لە وەڵامی هەڕەشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بە ئەگەری دەست پێكردنی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران لە دوای هەڵبژاردنەكانی هەردوو وڵات.
لە پەیامێكی ئەلیكترۆنی نووسراو لە ساڵوەگەڕیی هەڵكوتانە سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە تاران، خامنەیی گوتی، ئەگەر هێرشەكان بۆ سەر ئێران دووبارە ببنەوە، سنووری شەڕەكە زۆر فرەوانتر دەبێت، ساڵانێكە نەیاریی لە نێوان ئەمەریكا و ئێران هەیە و ئێستە گەلی ئێران لە هەر كاتێكی تر زیاتر درك بەو ململانێیە دەكات.
خامنەیی ئاماژەی كرد كە سەرەڕای گوشارە سیاسی و ئابووری و سەربازییەكان، ئەمەریكا لە گەیشتن بە ئامانجەكانی شكستی هێنا، پەرەسەندنەكانی دوایی پاشەكشەی باڵادەستیی ئەمەریكایان پێشان دا، رووی هەڕەشەی كردە ئەمەریكا و ئیسرائیل بەوەی هەر هێرشێكی نوێ بۆ سەر ئێران توندتر وەڵام دەدرێتەوە.
خامنەیی پێی وایە گرەوكردن لەسەر گۆڕانی هەڵسوكەوتی ئەمەریكا و گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵی بە سازشكردن بۆی، گرەوێكی هەڵەیە، تاكە رێگە بۆ بەرپەرچدانەوەی بریتییە لە بەهێزكردنی تواناكانی ئێران لە هەموو ئاستەكان، چونكە ئامانجی واشنتن خۆرادەستكردنی گەلی ئێرانە بێ هیچ مەرجێك.