لە گەڕی دوایی شەڕی ئێران و ئەمەریكا كە داخستنی گەرووی هورمزی لێ كەوتەوە، عێراق زەرەرمەندترین وڵاتانی ناوچەكە بوو و دووچاری گەورەترین تەنگژەی دارایی بووەوە و چەند مانگێك هەناردنی نەوت و داهاتەكەی زۆر كەمی كرد، راپۆرتەكانی هەواڵ ئاماژە بۆ بونی مەترسیی شەڕێكی تری فرەوان لە ناوچەكە دەكەن، كە رەنگە عێراقیش بگرێتەوە، وڵاتانی خۆیان بۆ ساز داوە، كەچی عێراق هیچ پلانێكی فریاگوزاری بە دەستەوە نییە.
لەوكاتەی ناوچەكە بەرەو هەموو ئەگەرێك دەچێت، لەوانە شەڕێكی گەورە، پێ ناچێت ئەو دۆخە بەشێك بێت لە حیساباتی بەغدا، نە شانەی تەنگژەی هەیە و نە یەدەگی سووتەمەنی و پلانی راگەندراو بۆ دابینكردنی خۆراك و دەرمان و هیتریش، وەك ئەوە وایە عێراق لە دنیایەكی تری دوور لە ناوچەكە ژیان بەسەر ببات، پەرلەمانتارێكی شیعە ئاماژە دەكات كە تا ئێستە حكوومەت و هێزە سیاسییەكان هیچ رێوشوێنێكیان لە ئاستی ئەو مەترسییانەی هەن وەرنەگرتووە، وەك ئەوەی لە دنیایەكی تر بژین و گرنگی نادەن بەوەی روودەدات.
زیاد هاشمی شارەزای ئابووری رەخنە لە نەبوونی ئامادەسازی و پلانی شوێنگرەوەی ئابووری و فریاگوزاری لە لایەن حكوومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان دەگرێت، ئەو بەراورد لە نێوان عێراق و وڵاتانی كەنداو لە رووی ئامادەسازی دەكات، ئەوان كار بۆ دابینكردنی سەلامەتی هەناردنی نەوت و گەرەنتیی هاوردەكردنی كاڵا سەرەكییەكان، بە تایبەتی خۆراك و دەرمان و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە گەرووی هورمز دەكەن، كەچی لە عێراق پێ دەچێت هیچ پلانێكی راگەندراوی فریاگوزاری نەبێت، وەك ئەوەی دۆخی ناوچەكە نەگۆڕاوە.