ئەمڕۆ چوارشەم چواری تشرینی دووەمی 2026، داتاکانی فڕین ئاشکرایان کرد کە یەکێک لە دەگمەنترین فڕۆکەکانی سیخوڕیی ئەمەریکا بەرەو ئەوروپا بەڕێ کەوتووە، ئەمەش وەک بڵاوەپێکردنێکی نائاسایی یان ئامادەکارییەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران لێک دەدرێتەوە، لە کاتێکدا ڕابەری باڵای ئێران هەڕەشەی فراوانکردنی ئاڵۆزییەکان دەکات.
كەناڵی 12ی ئیسرائیلی ڕای گەیاند، ئەو فڕۆکەیەی فڕیوە لە جۆری (RC-135U Combat Sent)ـە، کە بەکار دەهێنرێت بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی پێشکەوتووی ئەلیکترۆنی، و بەتایبەتی بۆ دیاریکردن و شیکردنەوەی سیستەمە سەربازییەکانی ڕادار. زیاتر گوتی، هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا تەنیا دوو فڕۆکەی لەم جۆرە هەیە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە تا ئێستە بەفەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە، وەک کەناڵەکە باسی کردووە، فڕۆکەکە دوێنێ لە بنکەی ئاسمانیی ئۆفوت لە نەبراسکا فڕیوە و لە بنکەی ئاسمانیی پیس لە نیو هامپشایر نیشتووەتەوە، کە دەکەوێتە نزیک کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا، و بەیانی ئەمڕۆ جارێکی تر فڕیوەتەوە، و دواتر وێنەی گیراوە کە بەسەر زەریای ئەتڵەسیدا بەرەو ئەوروپا دەپەڕێتەوە.
کەناڵەکە ڕوونی کردەوە، ناتوانرێت بە دڵنیاییەوە شوێنی مەبەستی فڕۆکەکە دیاری بکرێت، بەڵام ڕەنگە ئەمە ئاماژە بێت بۆ زیادبوونی ئامادەیی سوپای ئەمەریکا بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئێران.
ئاماژەی بەوەیش کرد، زانیارییە کراوەکانی ماڵپەڕی چاودێریکردنی گەشتە ئاسمانییەکان دەریدەخەن کە فڕۆکەکە دوێنێ سەعات 9:31ی شەو بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانیی پیس نیشتووەتەوە، ئەمەش دوای گەشتێک کە دوو سەعات و 45 خولەکی خایاندووە. تۆمارەکانی ماڵپەڕەکە گەشتێکی تری هەمان فڕۆکەی لە چواری تشرینی دووەمدا نیشان داوە، کە وەک گەشتێکی چالاک بەبێ شوێنی نیشتنەوەی دیاریکراو پۆلێن کراوە، و یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە فڕۆکەکە بەرەو بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا لە ئەوروپا بڕوات.
زانیارییە هەواڵگرییەکان خزمەت بە پەرەپێدان و باشترکردنی سیستەمەکانی جەنگی ئەلیکترۆنی، ئامێرەکانی دروستکردنی تەشویش، سیستەمەکانی ئاگادارکردنەوە، و مووشەکەکانی دژە ڕادار دەکەن. بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکانی هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا، ئەو زانیارییانەی فڕۆکەکە کۆیان دەکاتەوە دەدرێنە ئاژانسە هەواڵگرییەکان و بڕیاردەرە باڵاکان، هەروەها دەکرێت بۆ پلاندانانی چالاکیی سەربازی دژی سیستەمە پێشکەوتووەکانی بەرگریی ئاسمانی بەکار بهێنرێن.