دوێنێ هەڵبژاردنی نیوەیی كۆنگرێسی ئەمەریكا بەڕێوە چوو، بەپێی ئەنجامەكان دیموكراتەكان سەركەوتنێكی گەورەیان بە دەست هێنا و لە هەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەرانی ئەو وڵاتە بوونە زۆرینە، سەرچاوەیەكی سیاسی ئاشكرای كرد كە حكوومەتی عێراق بە ئاراستەی كردنەوەی كەناڵی نوێی پێوەندی لەگەڵ سەركردە دیموكراتەكان لە واشنتن هەنگاو دەنێت.
سەرچاوەیەكی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی رای گەیاند كە گفتوگۆ سیاسییەكان لە ناو كۆڕ و كۆبوونەوە حكوومەتییەكان لەو بارەوە دەستی پێ كردووە، لە پاڵ راسپاردنی راوێژكار و كەسایەتییە نزیكەكان لە سەرچاوەی بڕیاردان لە واشنتن بۆ قۆناغی داهاتوو و تاوتوێكردنی چۆنیەتی داڕشتنی گوتار و لێكگەیشتنەكان بۆ داهاتوو لەگەڵ عەقلیەتی سیاسیی دیموكراتەكان بگونجێت.
بەپێی سەرچاوەكە، بەغدا هەوڵی سوودوەرگرتن لە گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە واشنتن بۆ دووبارە خستنەڕووی دۆسییە ناكۆكی لەسەرەكان لەگەڵ ئەمەریكا بدات، بەتایبەتی دۆسیەكانی داماڵینی چەك و سزا و كۆتە بانكییەكان، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانێك بۆ پێدانی كاتی زیاتر بە حكوومەتی عێراق بۆ جێبەجێكردنی پابەندییەكانی لە بری سەپاندنی رێوشوێنە سزاییە بەپەلەكان بە سەریدا.
بەغدا دەیەوێ قەناعەت بە ئەندامانی كۆنگرێس بێنێت بە پێویستیی جیاوازیكردن لە نێوان رەتكردنەوەی بوونی چەك لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و سەپاندنی خشتەی كاتی توند بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەكە، كە رەنگە شەڕی ناوخۆیی لێ بكەوێتەوە.