ئەمڕۆ چوارشەم، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایەکانی دەرەوە سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، خستنە ناو لیستی سزاکانی بۆ چەندان کەس، کۆمپانیا و کەشتیی نوێی پێوەندیدار بە ئێران ڕاگەیاند، کە لە نێویاندا ناوی چەند کەسایەتییەکی بازرگانی و بانکی عێراقی هەیە، هاوکات هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی ئاڵای ساختە لەلایەن کەشتییەکانی ئێرانەوە بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان.
لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە ڕێکارە نوێیەکان چەندان کەس و کۆمپانیا لە هیندستان، ڕووسیا، تورکیا و سەنگافوورە دەگرێتەوە، کە تۆمەتبارن بەوەی پێوەندییان بە تۆڕە بازرگانی، دەریایی و داراییەکانی پێوەندیدار بە ئێرانەوە هەیە، جیا لەوەش چەندان لایەنی تر کە لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی کەشتی، گواستنەوەی دەریایی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە لۆجستییەکان کار دەکەن.
نووسینگەکە چەندان کۆمپانیا، کەسایەتی، کەشتیی بارهەڵگر و نەوتهەڵگری خستووەتە لیستی سزاکانەوە کە لەژێر ئاڵای وڵاتانی جیاوازدا کار دەکەن. هاوکات هۆشداریی داوە کە هەر لایەنێکی پێوەندیدار بەمانەوە، ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی سزای لاوەکی ببێتەوە بەپێی فەرمانی جێبەجێکردنی ئەمەریکی ژمارە 13902.
لە نوێکردنەوەکانی لیستەکەدا، ناوی چەندان کەسایەتی و دامەزراوەی عێراقی هاتووە، دیارترینیان عەلی مەعارج بەهادلییە کە عێراقییە و لە ساڵی 1966 لە پارێزگای میسان لەدایک بووە، و لە بەغدا و عیمارە نیشتەجێیە، کە ناوی بۆ داتاکانی سزادان زیاد کراوە و ئاماژە بە پێوەندییەکانی لەگەڵ کەسێک بە ناوی سەلیم ئەحمەد سەعید کراوە.
سزاکان هەروەها عەبدولحەسەن عەلی ئەکبەر نامدار مەندەلاوی گرتووەتەوە کە هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقی و کەنەدییە و لە دوبەی نیشتەجێیە، و هۆشداریی سزای لاوەکی بۆ داتاکانی زیاد کراوە بەهۆی پێوەندیی بە کۆمپانیای "شەمس و بەحر بۆ بازرگانی" لە ئیمارات. لەگەڵ مەجید عەلی ئەکبەر نامدار مەندەلاوی کە عێراقییە و ڕەگەزنامەی تورکیی هەیە، کە ناوی لەناو نوێکردنەوەکانی پێوەندیدار بە هەمان کۆمپانیا هاتووە، جیا لەوەش وەلید خالید حەمید سامەڕائی و سەمود محەمەد موحسین عەزاوی کە هەردووکیان عێراقین و لەدایکبووی بەغدان.
لە کۆتاییدا ڕاگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە نوێکردنەوەکان چەند دامەزراوەیەکی دارایی عێراقییان گرتووەتەوە، لەوانە بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بۆ وەبەرهێنان و دارایی کە بارەگاکەی لە بەغدایە، و هۆشدارییەکی بۆ داتاکەی زیاد کراوە لەبارەی مەترسییەکانی سزای لاوەکی. هەروەها بانکی هاریکاریی هەرێمیی ئیسلامی کە ناونیشانەکەی لە ناوچەی عەرەساتە لە پایتەخت، و پێوەندیی بانکیی بە ئێرانەوە هەیە، هەمان هۆشداری بۆ داتاکەی زیاد کراوە.