توێژەرێك: ئەمەریكییەكان لەسەر بەكارنەهێنانی خاكی عێراق لە دژی وڵاتەكەیان كۆكن

:: PM:09:47:04/11/2026 ‌

دوای بردنەوەی دیموكراتەكان لە هەڵبژاردنی نیوەیی كۆنگرێس و بەدەست هێنانی زۆرینە لە هەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەران، زۆرێك لە عێراقییەكانی نزیك لە ئێران شاگەشكە بوونە، ئێران بە سەركەوتنی خۆی لە قەڵەم دەدات، توێژەرێكی سیاسی وای دەبینێت ناكۆكی نێوان دیموكرات و كۆمارییەكان پێوەندی بە ئامرازەكانی ئیدارەدانی دۆسییە دەرەكییەكانەوە هەیە. 

ئەیاد عەنبەر توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات كە بردنەوەی دیموكراتەكان بە زۆرینە لە كۆنگرێس مانای ئەوە نییە عێراق راستەوخۆ بوارێكی فرەوانتری بۆ مامەڵكردن لەگەڵ میلیشیاكان یان سووككردنی سزاكانی ئەمەریكا دەست دەكەوێت، چونكە ناكۆكی نێوان هەردوو حزب زیاتر پێوەندی بە ئامرازەكانی ئیدارەدانی دۆسیە دەرەكییەكانەوە هەیە، لەوكاتەی بابەتەكانی سنوورداركردنی دەسەڵاتی ئێران و رێگرتن لە بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ هەڕەشەكردن لە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا سازانێكی زۆری لە واشنتن لەسەرە.

روونی كردەوە، بەغدا هەوڵ دەدات سوود لەو گۆڕانكارییەی واشنتن ببینێت بۆ كردنەوەی كەناڵی نوێی پێوەندیی سیاسی، بەڵام رووبەڕووی داواكاری بۆ سەلماندنی پێشوەچوون لە بابەتی داماڵینی چەك و كۆنترۆڵكردنی حەوالە دارایی و دەروازە سنوورییەكان دەبێتەوە، ئاڵنگاری لەبەردەم بەغدا بریتییە لە گۆڕینی كرانەوە بە رووی دیموكراتەكان بۆ هەلێك بۆ پاڵپشتیكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت، نەك بۆ ئامرازێك بۆ درێژكردنەوەی ماوەی رێككەوتن لەگەڵ میلیشیاكان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل