ئەمڕۆ چوارشەم چواری تشرینی دووەمی 2026، لیژنەی هەرێمەکان و پارێزگاکان و پلاندانان و کارنامەی حکوومەت لە پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ وەزارەتی نەوت پلانی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی بۆ حەوت ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا تا ساڵی 2032 تاوتوێ کرد، هاوکات پێشنیازی کرد کارنامەی حکوومەت هەر شەش مانگ جارێک پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.
بەپێی راگەیاندراوێکی فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران، لیژنەکە میوانداریی وەزیری نەوت و ستافی پێشکەوتووی وەزارەتەکەی کردووە، و لە کۆبوونەوەکەدا دووپات لەسەر کاری هاوبەش لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و پەرلەمان کراوەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکان و بەڕێوەبردنی قەیرانی دارایی و هەڵسەنگاندنی کارنامەی حکوومەت.
لە کۆبوونەوەکەدا چەندین دۆسیەی تایبەت بە سامانەکانی نەوت و غاز تاوتوێ کران، دیارترینیان پرسی غاز و ئەو پرۆژانە بوو کە لە ساڵی 2023ـەوە وەستاون، لەگەڵ قەبارەی بەرهەمهێنان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ و وازهێنان لە هاوردەکردن. هەروەها باس لە هۆکارەکانی تەواونەکردنی پرۆژەکان لە کاتی خۆیاندا و پلانی وەزارەت بۆ زیادکردنی توانای هەناردەکردن کرا.
لەلایەکی ترەوە، لیژنە پەرلەمانییەکە تێبینیی ئەوەی کرد کە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاستی فورات و پەرەپێدانی پاڵاوگەی نەجەف لە کارنامەی حکوومەتدا پشتگوێ خراون، بۆیە داوای کرد بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو پرسە چارەسەر بکرێت. هاوکات رەخنە لە نەبوونی رێکاری پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی گیرا و دووپات لەسەر کاراکردنی لیژنەکانی لێکۆڵینەوە کرایەوە.