كۆریای باشوور كه‌شتی جه‌نگی و 375 سه‌رباز ده‌نێرێته‌ هورمز

:: AM:07:52:05/11/2026 ‌
وه‌زاره‌تی به‌رگری كۆریای باشوور ئاشكرای كرد، ئاماده‌كاری بۆ فره‌وانكردنی ناوچه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كانی یه‌كه‌ی چیونجیه‌ بۆ ڕیشه‌كێشكردنی كاری چه‌ته‌یی له‌ ده‌ریا ده‌كات، تا به‌ ته‌واوی له‌ گه‌رووی هورمز نزیك ببێته‌وه‌ و ئه‌ركه‌كانی پاراستنی ئه‌و گه‌رووه‌ ستراتیجیه‌ بخاته‌ سه‌ر شانی خۆی، ئه‌مه‌یش له‌ دوای گوشاره‌ زۆره‌كانی دۆناڵد تره‌مپ بۆ سه‌ر سیئۆل دێ، تا پشتیوانی واشنتن بكه‌ن له‌ كردنه‌وه‌ی گه‌رووی هورمز.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری كۆریای باشوور ڕای گه‌یاند، حكوومه‌ت پرۆژه‌ بڕیاره‌كه‌ پێشكه‌شی په‌رله‌مان ده‌كات، تا ماوه‌ی مانه‌وه‌ی ئه‌و یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌ به‌ ته‌واوی درێژ بكرێته‌وه‌، كه‌ بڕیاره‌ له‌ كۆتایی ئه‌مساڵ كۆتایی به‌ ئه‌ركه‌كه‌یان بێت.

ئه‌و یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌ی كۆریای باشوور له‌ 2009ه‌وه‌ به‌ ئامانجی سه‌لامه‌تی هاتوچۆی كه‌شتییه‌ بازرگانییه‌كان له‌ كه‌نداوی عه‌ده‌ن جێگیربووه‌ و كه‌شتییه‌كی جه‌نگی  جۆری هێرشبه‌ریان لایه‌ كه‌ كێشه‌كه‌ی چوار هه‌زار و 400 تۆنه‌ و هه‌لیكۆپته‌ری سه‌ربازی بۆ هه‌ڵمه‌ته‌ ده‌ریاییه‌كان و سێ به‌له‌می بچووكتر و 300 سه‌رباز له‌خۆ ده‌گرێت.

بڕیاره‌ ناوچه‌ی كاره‌كانی ئه‌و یه‌كه‌یه‌ به‌ ته‌واوی له‌ كه‌نداوی عه‌ده‌نه‌وه‌ به‌ ڕووی كه‌نداوی عومان و گه‌رووی هورمز فره‌وان بكرێت، هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكی كۆریای باشوور و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیش ڕه‌زامه‌ندیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داوه‌.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێ سیئۆل بۆ فره‌وانبوونی ئه‌ركی ئه‌و یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌، فڕۆكه‌ی جۆری بی 8 ئه‌ی و 75 سه‌ربازی تر ڕه‌وانه‌ی نێو ئه‌و یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌ی بكات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د