وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، سزای بەسەر دوو كەس و قەوارەیەك لە بیلاڕووسیا و ڕووسیا و نەیجیریا سەپاندووە، بەهۆی تێوەگلانیان لە كڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بچووكی سەرشان و ڕەوانەكردنیان بۆ ئێران.
لە
ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكادا هاتووە، دوو كەسی بیلاڕووسی و ڕووسی و قەوارەیەكی نەیجیریا، سزایان بەسەردا سەپێنراوە، بەهۆی ئەوەی تێوەگلاون لە هەوڵدان بۆ كڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی مانبادز كە سیستمی بەرگریی ئاسمانی بچووكە، سەربازان لەسەر شانیان دەتوانن هەڵیبگرن و مووشەكی پێ بهاوێژن.
ئەو دوو كەس و قەوارەیە ویستوویانە ئەو جۆرە سیستمەی بەرگریی ئاسمانی بۆ ئێران بكڕن و بە نهێنی بۆ تاران رەوانەی بكەنەوە. ئەو هەڵمەتەی سزادانیشیان لەلایەن ئەمەریكاوە، بەشێكە لە پرۆسەی خنكاندنی ئابووری ئێران و پەكخستنی تۆڕەكانی كڕینی كەلوپەلی سەربازی بۆ ئێران.
واشنتن دەستگەیشتنی ئێران بە سیستمی بەرگریی ئاسمانی مانبادز، بە هەڕەشەیەك بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت، بۆیە بە هەموو شێوەیەك ڕێگری لە گەیشتنی ئەو سیستمە بە ئێران دەكات و زۆرترین چاودێریشی بەسەر ئەو وڵاتانەوەیە كە ئەو جۆرە سیستمەی بەرگریی ئاسمانییان هەیە.