بانكی كریدی مۆتۆیل ئاركیای فڕەنسی ئاشكرای كرد، تووشی هێرشێكی ئەلیكترۆنی پێشكەوتووی چڕ بووەتەوە، بەوهۆیەشەوە هێرشبەران بڕی 100 ملیۆن یۆرۆیان لە بانكەكە دزیوە، ئەكاونتی ئەو خەڵكەی لە بانكەكە هەن، هیچ زیانێكیان پێ نەگەیشتووە و پارێزراون. هاوكات داواكاری گشتی پاریس دۆسیەی بۆ ئەو ڕووداوە كردەوە.
فڕانس پرێس
نووسیویەتی، هێرشبەران توانیویانە دوای هاككردنی بانكەكە و بردنی پارەكە، بڕی 100 ملیۆن یۆرۆیان خستووەتە سەر هەژمارێكی خۆیان لە بانكێكی تر، دواتر سەرجەمی ئەو پارەیەیان بۆ كڕینی دراوی ئەلیكترۆنی بەكار هێناوە.
هاوبەشانی بانكەكە و هەژمارەكانیان و پارەكانیان هیچ زیانێكیان پێ نەگەیشتووە، بەشێك لەو پارەیەیشی كە هاككەرەكان دزیویانە، سڕ كراوە و هەوڵەكان بەردەوامە بۆ گێڕانەوەی زۆرترین بەشی ئەو پارەیە.
بانكەكە بە دووری زانی ئەو پرۆسەیە لە ئەنجامی هەڵەی مرۆڤەوە ڕووی دا بێ و دووپاتی كردەوە، ئەمە لە ئەنجامی هێرشێكی زۆر پێشكەوتووی ئەلیكترۆنییە و لە دەرەوەی بانكەكە كراوەتە سەرمان.
وێڕای خستنەڕووی ئەو زانیارییانە، بەڵام بانكەكە جۆری هێرشەكە و ئەو گرووپەی هێرشیان كردووەتەسەر و شێوازی هاتنە ناو سیستمی بانكەكەی بە وردی نەخستووەتە ڕوو.