سەرۆكی وەزیرانی ئیسرائیل، وڵاتێكی بیانی بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەكەی تۆمەتبار كرد و ئاشكرای كرد، پارەیەكی زەبەلاحی بۆ ئەو مەبەستە خەرج كردووە تا كاریگەریی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكە دابنێت.
بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی
ئیسرائیل بۆ میدیاكان گوتی، گومانی مەترسیدار هەیە كە وڵاتێكی بیانی پارەیەكی زەبەلاحی خەرج كردووە، تا كاریگەریی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی ئیسرائیل دابنێت، ئەمەیش چەند ڕۆژێك دوای ئەوە دێت كە خۆی و حزبەكەی، حزبە عەرەبییەكانی ناو ئیسرائیلیان بە هەوڵدان بۆ دزینی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیل تۆمەتبار كرد.
ئەو تۆمەتانەی نەتەنیاهۆ و حزبەكەی لە كاتێكدایە، دوێنێ لیژنەی ناوەندی هەڵبژاردنەكان لە ئیسرائیل ئەو تۆمەتانەی بە تەواوی ڕەت كردەوە و دووپاتی كردەوە، هەڵبژاردنەكە پاك و بێگەرد بوو و هیچ كاریگەری و ساختەكارییەكی تێدا ئەنجام نەدراوە، سكاڵای لایەنەكانی سیاسیش یەكلا كراوەتەوە.
هاوكات دوێنێ لیژنەی ناوەندی هەڵبژاردنەكان، ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئاراستەی ئیسحاق هرتسوگ سەرۆكی ئیسرائیل كرد، تا ئێوارەی ئەمڕۆیش سەرۆكی ئەو وڵاتە لە ڕاوێژكردن بەردەوام دەبێ و دواتر كەسێك بۆ پێكهێنانی حكوومەت ڕادەسپێرێت.