سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جووتسایدی كۆڕێ - شەقڵاوە – قەندیلی كردەوە و رای گەیاند، هیوادارم هاووڵاتییان چێژ لەم جووتسایدە وەربگرن.
ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی تشرینی دووەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە رێوڕەسمی كردنەوەی پڕۆژەی ستراتیجیی رێگەی (كۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل) گوتارێكی پێشكەش كرد و رای گەیاند، خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم بۆ كردنەوەی ئەم رێگە جووتسایدە، نێوانی پیرمام و رێگەی شەقڵاوە و ماوەران و كاوانیان و بەستنەوەی ئەم دەڤەرە بەیەكەوە.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، بەڕاستی شەقامێكی یەكجار جوان و رێكوپێكیان دروست كردووە، هەرچەندە زۆریش سەختە ئەگەر تەماشای بكەن پڕكردنەوە و دابڕینی شاخەكان، بەڵام بە شێوەیەكی زۆر جوان و رێكوپێك و ستانداردێكی نێودەوڵەتی دروستیان كردووە. دەستخۆشی لە كۆمپانیای نۆرس لایت دەكەم بۆ جێبەجێكردنی ئەم كارە جوانە.
" هیوادارم هەمیشە سەركەوتوو بن، نموونەیان زۆر بێت و بتوانین هەموو رێگەكانی كوردستان بەم شێوەیە لەم ئاستە باشە دروست بكەین و شارەكانمان بەیەكەوە ببەستینەوە، بێگومان ئاسانكارییەكی زۆر دەكات بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان، بۆ گەشتیارەكان كە سەردانی كوردستان دەكەن، بۆ بابەتی بازرگانی، كەمكردنەوەی كات، بۆ گەیاندن و پێكەوە بەستنەوەی شارەكان بەیەكەوە. ئەمانە هەمووی واتە ئەم رێگەیە كاریگەرییان لەسەر ئەو بابەتانە دەبێت و یارمەتیی هاووڵاتییان دەدات"، مەسروور بارزانی وای گوت.
لە بەشێكی تری گوتارەكەیدا رای گەیاند، هیوادارم هاووڵاتییان چێژ لەم جووتسایدە وەربگرن، بەڵام رێنوێنییەكانی هاتوچۆش لەبەرچاو بگرن، بۆ سەلامەتی خۆیان و سەلامەتی كەسوكارەكانیان و سەلامەتی هاووڵاتییانی تر، هیوادارم هەمیشە سەلامەت بن.
سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوەدا، ئەوەی جیاوازە لەو جووتسایدە كە هەستم پێ كرد، ئاهەنگی سروودی (ئەی ڕەقیب) لەسەر شەقامەكە دروست كراوە، بە جۆرێك ئەگەر لەسەر خێرایی 80 بڕۆی گوێت لە ئاهەنگی سروودی ئەی ڕەقیب دەبێت، بەڕاستی شتێكی زۆر جوانە. هیوادارم تاقی بكەنەوە، بەڵام لەسەرخۆ، ئینشائەڵا بەبێ كێشە و گرفت.
لەكۆتایی قەسەكانیدا سەرۆكی حكوومەت گوتی، یرۆزە لە خەڵكی ئەم دەڤەرە و لە هەموو كوردستان، هەر سەركەوتووبن، كوردستانمان هەر ئاوەدان بێت. .