ئۆزجان دێنیز: ناوەڕۆكی درامای توركی هەمووی دووبارەیە بۆیە وازم هێنا

:: PM:12:22:05/11/2026 ‌
ئۆزجان دێنیز ڕای گەیاند، واز لە كاری درامای تەلەڤزیۆنی دەهێنێت، بەڵام بەردەوام دەبێت لە بەشداری لە فیلمە سینەماییەكاندا.

ئۆزجان دێنیزی تەمەن ٥٤ ساڵ، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سینەمای ئەنتاڵیا ئەم بڕیارەی ڕاگەیاند كە هاوكات بوو لەگەڵ یەكەم نمایشی فیلمی نوێی، بە ناوی خواردنی كۆتایی.

ئۆجان هۆكاری ئەم بڕیارەی گەڕاندووەتەوە بۆ دووبارەبوونەوەی ناوەڕۆكی دراما تەلەڤزیۆنییەكان و ئاڵۆزیی كاریان، لە كاتێكدا پێی وایە فیلمی سینەمایی ڕەسەنایەتی زیاتری هەیە.

ئۆزجان دێنیز لە ١٩ی ئایاری ساڵی ١٩٧٢ لە شاری ئەنكەرەی توركیا لە دایك بووە، لە سەرەتادا وەك گۆرانیبێژ دەستی بە چالاكی هونەری كردووە و لە ساڵانی نەوەتەكاندا بە گۆرانییەكانی ناوبانگی پەیدا كردووە. 

دواتر ڕووی كردە دنیای سینەما و دراما و وەك ئەكتەر، دەرهێنەر و نووسەری سینەمایی كاری كردووە.

دێنیز بەشداریی لە چەندان دراما و فیلمی سینەمایی توركیدا كردووە، بەهۆی ڕۆڵەكانی لە بەرهەمە تەلەڤزیۆنییەكاندا بووەتە یەكێك لە ڕووخسارە ناسراوەكانی هونەری توركیا.

دێنیز  بەرەچەڵەك كوردە و برازای هونەرمەندی گەورەی كورد "شاكیرۆ"یە. شاكیرۆ كە بە "شای دەنگبێژەكان" و "كەوی ڕبار" دەناسرێت، مامی شەرعیی ئۆزجان دێنیزە. بنەماڵەكەیان لە بنەڕەتدا خەڵكی پارێزگای ئاگریی باكوری كوردستانن. ئۆزجان دێنیز خۆیشی لە چەندان چاوپێكەوتندا شانازی بە مامییەوە كردووە و باسی لەوە كردووە، شاكیرۆ هونەرمەندێكی جیهانی بووە و دەنگێكی ناوازەی هەبووە.


وشە - سۆران عەزیز