به تۆمهتی ههوڵی ڕاوكردن له وهرزی قهدهغهكردنی ڕاودا، پۆلیسی دارستان له سلێمانی، لەماوەى دوو ڕۆژى ڕابردوودا، حهوت تۆمەتباریان گرتووه.
ئهمڕۆ سێشهم، بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی له ڕاگهیاندراوێكدا كه وێنهیهكی بۆ "وشه" ناردووه، ئاماژه بهوه دهكات، تەنیا لە ماوەى دوو ڕۆژى ڕابردوودا لە سنوورەکانى پێنجوێن و قەرەداغ و شارەزوور، توانیوانە حەوت سەرپێچیکار بگرن و ڕووبەڕووى یاسایان بکەنەوە.
هێمن کمرخان افندى بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسى دارستان و ژینگەى پارێزگاى سلێمانى ڕای گەیاند: مەفرەزەیەکى هاوبەشى بەشى شارەزوور، بنکەى وارماوا توانیان دوو هاووڵاتیى سەرپێچیکار بگرن کە سەرقاڵى ڕاوى ئاژەڵ و باڵندەى کێوى بوون، هەر لە ئاستى مەیدانیدا مەفرەزەکانى بنکەى ناوپارێز لە سنوورى پێنجوێن توانیان چوار هاووڵاتیى سەرپێچیکا لەسەر دیاردەکانى ڕاوکردنى ئاژەڵ و باڵندەى کێوى و داربڕین و خەڵوزکردن بگرن.
له درێژهدا ئاماژهی بهوه دا، هەروەها مەفرەزەکانى بنکەى دێلێژە لە سنوورى قەرەداغ، توانیان یەک هاووڵاتى سەرپێچیکار لەسەر دیاردەکانى ڕاوکردنى ئاژەڵ و باڵندەى کێوى بگرن، هاوکات دەستگیرا بەسەر سێ چەکى جۆرى تاپڕ و 12 فیشەکى تاپڕ و یەک چەکى جۆرى بادى و یەک کڵاشنکۆف لەگەڵ یەک مەخزەن فیشەک و دوو لایت و یەک ئۆتۆمبێل دا پاشان تۆمەتباران ڕادەستى دادگا کراون بۆ وەرگرتنى ڕێکارى یاسایى.
هەر لەو ماوەیهدا لە سنوورى بەشى پۆلیسى دارستان و ژینگەى چەمچەماڵ، دواى وەرگرتنى بڕیارى دادوەر، توانیویانه سێ کەوى زیندوو جارێکى تر لە کەژوکێوەکان ئازاد بکەن و بگەڕێنەوە بۆ ژیان. بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسى دارستان و ژینگەى پارێزگاى سلێمانى وای گوت.