نرخی مریشك لە هەرێم ڕوو لە دابەزین دەكات

:: PM:06:32:14/02/2018 ‌
تا دێت نرخی مریشك ڕوو لە دابەزین دەكات و بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانیش دەڵێت، ئێستە مریشك لە ناوخۆ زۆر بووە و ڕەوانەی ناوچەكانی عێراق ناكرێت، بۆیە نرخەكەی هەرزان بووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ی شوبات، سۆران غەفوور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەرهەمی ناوخۆی مریشك ئێستە زۆر بووە، چونكە بەهۆی نەخۆشی ئەنفلۆنزای باڵندە ناتوانین مریشك بنێرین بۆ ناوچەكانی ناوەڕاستی عێراق.

زیاتر گوتی، ئەو بەرهەمەی كە ڕۆژانە لە ناوخۆ هەیە، تەنیا بۆ ناوخۆی خۆمان دەمێنێتەوە و داواكاریشی لەسەر نییە، ئەوەش وادەكات مریشك لە ناوخۆ زیاد بێت و نرخەكەشی هەرزان بێت.

" ئێستە مریشك لە هەموو كاتێك زیاتر نرخەكەی هەرزانە، پێش پەیدابوونی نەخۆشی ئەنفلۆنزا هەركاتێك مریشك لە ناوخۆ زۆر دابەزیبووایە، بۆ ئەوەی خاوەن كێڵگەكان زۆر زەرەرمەند نەبن، ڕەوانەی ناوچەكانی عێراقمان دەكرد، هەركاتێكیش لە ناوخۆ زۆر نرخی بەرزبووایەوە، هەناردەكردنمان ڕادەگرت" سۆران غەفوور وای گوت.

هاوكات، مەحموود حسێن یەكێكە لە مریشك فرۆشەكانی سلێمانی بۆ "وشە" گوتی، ئێستە یەك كیلۆ مریشك بە 1450 دینارە و بەهۆی زۆری مریشك لە ناوخۆ، وایكردووە نرخەكەی زۆر دابەزێت.

لەلایەكی ترەوە سامی عەلی مریشك فرۆشێكی ترە لە شاری هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە هەولێریش هاوشێوە شارەكانی تر نرخی مریشك دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و كە هیچ كاتێك وەك ئێستە نرخەكەی هەرزان نەبووە. ئەو گوتی، نرخی یەك كیلۆ مریشك لە هەولێر ئێستە بە 1700 دینارە.

دوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی بوونی نەخۆشی ئەنفلوەنزای باڵندە لە شارەكانی ناوەڕاستی عێراق ئاڵوگۆڕی بازرگانی پەلەوەر لەنێوان هەرێم و بەغدا وەستا و بەرهەمی كێلگەكانی پەلەوەری ناوخۆش زیادی كرد، بۆیە ئێستە نرخی مریشك بەشێوەیەكی زۆر دابەزیوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم