لەبارەی كاریگەرییەكانی رۆژوو پزیشكانی پسپۆڕ وەڵامی "وشە" دەدەنەوە

:: PM:05:53:13/06/2018 ‌

بە ڕۆژووبوون دەكرێت سوودی گرنگی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەبێت و هاوكات لەوانەیە كێشەی تەندروستیشی لێ بكەوێتەوە ئەگەر دوور لە رێنوێنی پزیشكی بگیرێت بە تایبەتی بۆ ئەوانەی خۆیان كێشەی تەندروستییان هەیە. هەشت پزیشكی پسپۆڕ لە بوارە جیاوازەكان بۆ "وشە" وەڵامی هەشت پرسیاری جیاواز و گرنگی پێوەندیدار بە رۆژوو دەدەنەوە.

جەستەی كەسی بەڕۆژوو چ وزەیەكی پێویستە تا بتوانێت رۆژووەكەی بگرێت و ئەو وزەیەش لە كوێ دابین دەكات؟
دكتۆر سەردار نووری - پسپۆڕ لە زانستەكانی كیمیایی ژیان: جەستەی مرۆڤ پشت بەخواردنی كۆگەكراو دەبەستێت بۆ دەستەبەركردنی وزە پێویستی بە نزیكەی دوو هەزار كیلۆ كەلۆری هەیە لە رۆژێكدا، واتە بەكاربردنی گلایكۆجینی جگەر و ماسولكەكان كە دابینی وزە دەكەن بۆ ماوەی دوو تا سێ رۆژ. دوای ئەوە چەوری دەتوێتەوە بۆ ماوەی سێ تا پێنج  رۆژ، دواتر پرۆتینی شانەكان دەگۆڕێت بۆ وزە، بۆیە كاتێك بۆ ماوەی 16 سەعات بەرۆژوو دەبین تەنیا گلاكۆجینی جگەر دەگۆڕێت بۆ وزە بەمەش جگەر رۆژانە پاك دەبێتەوە و گلایكۆجینی نوێ‌ كۆگە دەكات. 

ئایا دەكرێت تێكچوونی ڕیتمی پابەندبوون بە كاتی دیاریكراوی وەرگرتنی دەرمـــان لەكاتی ڕۆژووگرتندا چارە بكرێت؟
دكتۆر نڤال عەبدولقادر پسپۆڕ لە زانستەكانی دەرمان: دەرمــان و هاوسەنگی لە كاتەكانی لەخۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە، دەكرێت بە تێكچوونی ڕیتمی پابەندبوون بە كاتی دیاریكراوی دەرمـــان هەژمار بكرێت بە تایبەت لەو جۆرە دەرمانانەی كە دەبێت لەسەر گەدەی بەتاڵ وەربگیرێت یا دەبێت بۆ چەند جارێك لە ڕۆژێكدا بەكار بێت. بە جۆرێك ئەگەر نەخۆش دەستكاری لە كات یا لە بڕی بەكارهاتووی دەرمـــان دەكات بە مەبەستی بە ڕۆژووبوون، كاریگەری نەرێنی لەسەر سوودەكانی دەرمانەكە دەبێت، بۆیە گرنگە نەخۆش رێنوێنی لە پزیشك و پسپۆڕانی دەرمان وەربگرێت بەر لە ئەنجامدانی هەر گۆڕانكارییەك لە شێواز و بڕی دەرمانی پێویست بە تایبەت لە نەخۆشییە درێژخایەنەكانی هاوشێوەی دڵ و شەكرە، كە دەكرێت كاتی بەكارهێنانی جیاواز بڕیاری لەسەر بدرێت بە هەمان ئاستی چالاك لە چارەسەری كەسی نەخۆش كاریگەری هەبێت و بێ‌ دروستبوونی هیچ گرفتێكی تەندروستی یا دەرمانی جێگرەوەی بۆ بەكاربێت تا سەلامەتی گیانی نەخۆش پارێزراو بێت

ئایا ڕۆژووگرتن كاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر ئاستی بیرتیژی و فێربوون؟
دكتۆر نازدار عزەدین پزیشكی پسپۆڕی لقی فێركردنی پزیشكی: لە ڕوانگەی فێركردنی پزیشكییەوە باس لە گرێدانی ئاستی بیرتیژی و تایبەتمەندی هەست لە مرۆڤ دەكرێت لەگەڵ ڕۆژووگرتن، بەمەرجێك هاوسەنگی تەواو لە خواردن و ڕێژەی پێویستی نوستن لەبەرچاو بگیرێت. بە جۆرێك توێژینەوە زانستییە تاقیكراوەكان لەسەر مرۆڤ ئەو ڕاستییە دەردەخەن كە لەخۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە كاریگەری ئەرێنی هەبووە لەسەر ئاستی بیرتیژی و فێربوون لە ڕێی بەرزی ڕێژەی هۆڕمۆنی ڤەزوپریسین Vasopressin، هەروەها چالاكی پێكهاتەی (Orexin/Hypocretin) لە ئەنجامی لەخۆگرتنەوە و كەمی ئاستی شەكر لە جستەدا. 

ئایا ژنانی دووگیان ئەگەر بەڕۆژوو بن بۆ تەندروستی كۆرپەیان هیچ كێشەیەك دێتە كایەوە؟
دكتۆر شەهلە عەلاف پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ژنان و منداڵبوون: ئەگەر ژنی سكپڕ كێشەی تەندروستی تری لەگەڵ بێت وەك بەرزی فشاری خوێن و نەخۆشیی شەكرە و گورچیلە یا ناتەندروستی دڵ لە ئەرك و فەرمانەكانی ئەوا دەبێت ئەو ژنە سكپڕە خۆی بەدوور بگرێت و بەردەوام بێت لەسەر ژیانی ئاسایی بێ‌ لەخۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە. هاوكات ژنی سكپڕی ئاسایی دكرێت بڕیاری بەرۆژووبوون بدات، بەڵام پێویستە ڕەچاوی چەند خاڵێكی گرنگ بكات بە مەبەستی سەلامەتی تەندروستی خۆی و كۆرپەكەی، كە بەشێوەیەكی گشتی دەبێت ڕێژەیەكی زۆر لە ئاو و شلەمەنی بوخرێتەوە لە دوای لە خۆگرتنەوە و هاوكات خۆراكی تەندروست و هاوسەنگی لە خەوتن پێڕەو بكات، بەڵام هەركات هەست بە لاوازی جەستە و لەدەستدانی كێش و ناچالاكی جووڵەی كۆرپە كرا، ئەوا دەبێت دەستبەجێ‌ ئەو ژنە شلەمەنی و خۆراك بخوات و چاوی بە پزیشكی پسپۆڕ بكەوێت بە مەبەستی چاودێری چڕ و گەشەی تەندروستی كۆرپە. 

جەستەی منداڵ چ كاتێك ئامادەیە تا بەرگەی بەڕۆژووبوون بگرێت؟
دكتۆر كاوێس زەنگەنە پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان: بەشێوەیەكی گشتی هەموو ئەو منداڵانەی كە تەمەنیان لە خوار 12 ساڵانە، نابێت خۆگرتنەوەیان لە خواردن و خواردنەوە بۆ ماوەی زیاتر لە شەش تا هەشت سەعات بخایەنێت، جگە لە كاتی شەودا كە جەستە لە پشوودایە و وزەیەكی كەمتر دەسوتێنێت، بەو پێیەی كە كاتی رۆژووگرتن لە كوردستان نزیك دەبێتەوە لە 16 سەعات، ئەركێكی قورسە بۆ منداڵان كە بتوانن بەڕۆژوو بن و باشتر وایە لەپێش دوازدە ساڵان رۆژوونەگرن، بۆیە تەمەنی گونجاو لە ڕووی زانستی پزیشكییەوە بۆ بەڕۆژووبوون دەكەوێتە دوای تەمەنی 15 ساڵی. 

بەپێی توێژینەوە زانستییەكان كێش لەكاتی ڕۆژووگرتندا چی بەسەر دێت؟
دكتۆر یوسف خەتێ‌ پسپۆڕ لە زانستی رژێنەكان: رۆژووگرتن هەندێك جار بەكار دێت بۆ دابەزینی كێَش بە زیادكردنی ڕێژەی شلەمەنی لە خواردن و كەمكردنەوەی ئەو خواردەمەنییانەی كە رێژەیەكی زۆر لە وزە بە جەستە دەبەخشن، بەو پێیەی كە دەكرێت بە ڕێژەی یەك تا دوو كیلۆگرام لە كێشی مرۆڤ كەم بكاتەوە. هاوكات بەشێك لە توێژینەوە زانستییەكان و توێژەرانی زانستەكانی كیمیایی ژیان باس لەوە دەكەن كە رۆژووگرتن بۆ ماوەی 16 سەعات، ناگاتە ئەو ئاستەی كە چەوری بتوێتەوە، بۆیە نابیتە هۆی كەمكردنەوەی كێش و هەروەها خواردن لە شەو و پاشان نوستن لەسەری كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر كێشی لەش. 

ئەو خۆراكانە چین كە جەستە چالاك دەهێڵنەوە لە كاتی ڕۆژووگرتندا؟
دكتۆر شێروان رەحمان پزیشكی پسپۆڕ لە زانستی كارئەندامزانی: خواردنی تەندروست لە دوای ڕەچاوكردنی تەمەن، ڕەگەز، كێش، بوونی نەخۆشی، هەستیاری، كەشوهەوا، وەرزی ساڵ، شوێن و ماوەی بەڕۆژوبوون، بریتی دەبێت لە خواردنی خۆراكی جۆراوجۆر كە بەپێی پێویستی جەستە خواردن بخورێت، خواردنی سەوزە و میوەجات و كەمكردنەوەی خواردنی چەور، خواردنی بڕێكی دیاریكراوی شیرنەمەنییەكان، خواردن بە شێوازێكی لەسەرخۆ، كەم خواردنی برژاوەكان و سووركراوەكان و ئاوخواردنەوە بە كەمی بەڵام بە بەردەوامی. 

كاتژمێری بایۆلۆجی جەستەی مرۆڤ لە كاتی بەڕۆژووبوندا چی بەسەر دێت؟
دكتۆر سەمیر عوسمان پسپۆڕ لە زانستەكانی پزیشكی كۆمەڵ: كاتژمێری بایۆلۆجی كاریگەری زۆری هەیە لەسەر هەموو خانەكانی لەش ئەم كاتژمێرە دەبێت بە شێوەیەكی رێكوپێك و لە سەر ریتمێكی گونجاو بەردەوام بێت، بۆیە خواردن بە شەو و رۆژووگرتن بە رۆژ پێچەوانەی ئەو كاتژمێرەیە چونكە لەشی مرۆڤ وا ڕاهاتووە كە خواردن بە رۆژ بێت و رۆژووگرتن بە شەو بێت، بۆیە كاتێك ئەمە پێچەوانە دەبێتەوە ئەوكات زیان بە جەستەی مرۆڤ دەگەیەنێت، بەڵام دەكرێت ڕۆژووبوون بە شێوەیەكی تەندروست پێڕەو بكرێت و سوود بە جەستەمان بگەیەنێت. 

   وشە/ هەولێر- د. تۆڵە فەرەج 




وشە - تایبه‌ت