درێسی رۆناڵدۆ لە یانەی یۆڤانتۆس بە عەرز ناكەوێ

:: AM:10:36:12/07/2018 ‌

رۆژنامەیەكی ئیتاڵی ئاشكرای كرد، درێسی تایبەتی كریستیانۆ رۆناڵدۆی یاریزانی نوێی یانەی یۆڤانتۆس فڕۆشیارێكی زۆری لەسەرە و بەعەرز ناكەوێ.

رۆژنامەی (توتو سپۆڕت) بڵاوی كردەوە: بەهۆی زۆری داواكارییەكانی كڕینی درێسی رۆناڵدۆ ماوەیەكە ماڵپەڕی فرۆشتنی درێسەكانی یانەی یۆڤانتۆس لەسەر ئەنتەرنێت پەكی كەوتووە.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە هاووڵاتیان بەلێشاو روو لە ماڵپەڕەكە دەكەن بۆ ئەوەی درێسێكی ژمارە 7ی رۆناڵدۆیان دەست كەوێ كە نرخەكەی لەسەرووی 100 یۆرۆ دەبێت.

لای خۆیەوە یانەی یۆڤانتۆس دانی بەوەداناوە كە بەهۆی زۆری داواكارییەكانی كڕینی درێسی رۆناڵدۆ، ماڵپەڕی فرۆشتنی ئۆنلاینی درێسەكانیان لەكار كەوتووە و هەوڵ دەدەن بەزووترین كات چاكی بكەنەوە.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید پێرێ سێشەم دوای 9 ساڵ یاریكردن بەفەرمی فرۆشتنی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی بە یانەی یۆڤانتۆس راگەیاند بە بەهای 105 ملیۆن یۆرۆ، باشترین یاریزانی جیهان لە یانەی نوێیەكەدا لەبەرامبەر 4 ساڵی یاریكردن 120 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێ كە مووچەی هەر ساڵێكی 30 ملیۆن یۆرۆیە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م