لە سلێمانی مریشكی زیندوو و بەستوو كێبڕكێیانە

:: PM:06:35:12/07/2018 ‌
خاوەنی كێلگەكانی پەلەوەری داوای ڕاگرتنی هاوردەی مریشكی بەستوو دەكەن و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوە ڕەت دەكاتەوە، هاوكات تەنیا لە سلێمانی لەماوەی دوو مانگدا زیاتر لە نۆ ملیۆن تۆن مریشك بەرهەم هێنراوەو.

ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی تەمووز/ یۆلیۆ، سۆران غەفوور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، هێنانی مریشكی بەستو لە دەرەوە بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان پێوەندی بەخواست و بەكارهێنانەوە هەیە، چونكە لە هەرێم هەزاران چێشتخانە و خواردنگە هەیە كە مریشكی بەستوو بەكار دەهێنن.

ڕوونیشی كردەوە، كێلگەی پەلەوەری لە كوردستان زۆرن، بەڵام تا ئێستە نەتوانراوە ڕێكخستنەوەیان بۆ بكرێ‌ و نرخێكی جێگیر بۆ مریشك دابنێن، بۆیە ناكرێ‌ لەسەر داوای ئەوان هاتنی مریشكی بەستوو ڕابگیرێت.

نازم عەبدوڵا جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكان بە "وشە"ی راگەیاند، مریشكی بەستوو زیاتر لە پێویست بۆ هەرێمی كوردستان هاوردە دەكرێ‌ لەكاتێكدا نازانرێت چۆن و بە چ ڕێیەك گەورە دەكرێت، بۆیە زۆر زیانی لە كێڵگە پەلەوەرییەكان داوە.

بەپێی زانیارییەكان هەموو دوو مانگ جارێك بڕی نۆ ملیۆن تۆن مریشك لە كێڵگەكانی پەلەوەری سنووری پارێزگای سلێمانی بەرهەم دەهێنرێت كە بەرهەمی 680 كێڵگەی مۆڵەتدار و 80 كێڵگەی بێ مۆڵەتە، بەگوێرەی قسەی خاوەن كێلگەكان دەتوانرێت پێویستی ناوخۆی پێ پڕ بكرێتەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی





وشە - سه‌رخێڵ هاشم