ناڕەزایەتییەكانی باشووری عێراق پەرە دەستێنێ

:: PM:07:03:12/07/2018 ‌

ئەمڕۆ خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەكانی بەسڕە بەردەوام بوو و وەك پاڵپشتییەكیش بۆ ئەوان و داواكارییەكانیان لە بەغدا دەیان كەس بەشداریان لە خۆپێشاندانێكی پاڵپشتی بۆ بەسڕە كرد، هاوكات یەكشەمی داهاتوو هۆزەكانی پارێزگای موسەنایش خۆپێشاندان ساز دەكەن. 

ئەمڕۆ پێنجشەم دەیان كەس لە هاووڵاتییانی بەغدای پایەتەخت لە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدا خۆپێشاندانێكیان رێك خست و پاڵپشتی خۆیان بۆ ناڕەزایەتییەكانی بەسڕە راگەیاند كە بەهۆی خراپی خزمەتگوزارییەكان و نەبوونی هەلی كار بۆ هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە چەند رۆژێكە بەردەوامە.

لای خۆیەوە ئەنجوومەنی پارێزگای موسەنا پاڵپشتی خۆی بۆ ناڕەزایەتییە ئاشتییەكان لە پارێزگاكە لە چوارچێوەی یاسا دەربڕی و دووپاتیان كردەوە كە زۆرینەی داواكارییەكانی جەماوەری ناڕازی وەك دابینكردنی ئاو و كارەبا و پێوەستە بە حكوومەتی ناوەندییەوە.

سەرچاوەیەكیش لە پارێزگای موسەنا ئاماژەی كرد كە ئامادەسازی لەلایەن هۆزەكانی پارێزگاكە و لیژنەكانی هاوئاهەنگی كراوە بۆ رێكخستنی خۆپێشاندانێكی گەورە لە یەكشەمی داهاتوو، وەك ناڕازیبوون بە بەتایبەتكردنی كارەبا و كەمی ئاو لە پارێزگاكە و هێزە تەناهییەكانیش كەوتوونەتەخۆ لەئەگەری كەوتنەوەی كاری توندوتیژی بەو هۆیەوە.

لە بەسڕە سەرچاوەیەك لە سەركردایەتی ئۆپراسیۆنەكانی بەسڕە رای گەیاند كە هێزە تەناهییەكان چوونەتە ناو حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە و فرمانی سەربازییان پێ گەیشتووە بە توندكردن و كۆنترۆڵكردنی دۆخی تەناهی لەو پارێزگایە و دوورخستنەوەی خۆپێشاندەران لە دامەزراوەكانی حكوومەت و كێڵگەكانی نەوتەوە.

بەهۆی كەمی ئاوی خواردنەوە و كارەبا و خراپیی خزمەتگەزارییەكان و نەبوونی هەلی كار بۆ هاووڵاتییانی پارێزگاكە چەند رۆژێكە لە چەندان شوێنی پارێزگای بەسڕە خۆپێشاندانی جەماوەری سەری هەڵداوە و بەو هۆیەشەوە كوژراو بریندار هەیە، لە چەند سەعاتی رابردوویش خۆپێشاندەران هەڵیان كوتایە سەر بارەگای كۆمپانیاكانی نەوت لە كێڵگەی قورنە و داوای دامەزراندنیان كرد، لەو كاتەی وەزارەتی نەوتی عێراق رەخساندنی 10 هەزار هەلی كاری لە كەرتی نەوت بۆ هاووڵاتییانی بەسڕە راگەیاند.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل