سوپای سووریا شاری درعای كۆنترۆڵ كرد

:: PM:07:51:12/07/2018 ‌

تەلەڤزیۆنی حكوومەتی سووریا رای گەیاند كە هێزەكانی سووریا چوونەتە ناو باشووری شاری درعا كە پێشتر بەدەستی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەدا بوو و ئاڵای سووریایان لەو شارە هەڵكردووە كە لانەی راپەڕینی دژ بە فەرمانڕەوایی بەشار ئەسەد بووە لە 2011.

تەلەڤزیۆنی حكوومەتی سووریا لەو بارەوە رای گەیاند كە ئاڵای سووریایان لە نزیك نووسینگەی پۆستە هەڵكردووە كە تاكە تەلاری حكوومەتییە لەو بەشەی شارەكە كە لە رۆژانی یەكەمی راپەڕینی سووریا لە 2011ەوە بەدەستی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە بووە.

لای خۆیەوە ئەبو جیهاد، بەرپرسێكی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە "رۆیتەرز"ی راگەیاند، گفتوگۆكان لە نێوان رووسیا و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە درعا بەشێوەیەكی باش بەڕێوە دەچێت و تا ئێستەیش رووسیا پابەندە بە مەرجەكانی رێككەوتننەكە بۆ رادەستكردنەوەی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن بۆ چەكەكانیان و گواستنەوەیان بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە باكوری سووریا.

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئەمڕۆ پێنجشەم دووپاتی كردەوە كە هێزەكانی سوپای سووریا توانوویانە پارێزگای درعا لە باشووری ئەو وڵاتە لە چەنگی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەربێنن و تەواوی سنوورەكانی سووریا- ئوردن كۆنترۆڵ بكەنەوە.

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رای گەیاند، پرۆسەی ئازادكردنەوەی هەردوو پارێزگای درعا و قنێتڕە لە چەكداران گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی و تا ئەو ساتەیش پارێزگای درعا نزیكەی بەتەواوەتی ئازاد كراوەتەوە. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل