رۆناڵدۆ داوای لە یۆڤانتۆس كردووە گرێبەست لەگەڵ یاریزانێك بكەن؟

:: AM:10:18:18/07/2018 ‌

میدیا وەرزشییەكان ئاشكرایان كرد كە كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی نوێی یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی داوای لە بەرپرسانی یانەكەی كردووە هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ یاریزانێك بدەن.

رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و باشترین یاریزانی جیهان پێرێ دووشەم بەفەرمی پەیوەندی بە یانەی یۆڤنتۆسەوە كرد، بەگوێرەی زانیارییەكانیش گرێبەستەكە 112 ملیۆن یۆرۆی تێچووە بۆ ماوەی 4 ساڵ و بە مووچەی ساڵانەی 30 ملیۆن یۆرۆ.

رۆناڵدۆ /33 ساڵ/ پێیوایە بۆ وەرزی داهاتوو ئامانجی یانەكەی لە پاڵ بەدەستهێنانی خولی ئیتاڵیا، بەدەستهێنانی جامی خولی پاڵەوانانی ئەوروپایە، بۆیە داوای لە بەرپرسانی یانەكەی كردووە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەرەكییەكەیان گرێبەست لەگەڵ چەند ئەستێرەیەكی نوێ بكەن.

ماڵپەڕی (دەیلی ستار)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: یەكەم داواكاری رۆناڵدۆ بۆ یانەی یۆڤانتۆس برێتی بووە لە گێڕانەوەی پۆڵ پۆگبای ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی فڕەنسی بۆ ریزی یانەكە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە پۆگبا پەیوەندی لەگەڵ جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی باش نییە و چەند جارێك نەیشاردۆتەوە كە خوازیارە بۆ وەرزی داهاتوو لە ریزی یانەیەكی تر درێژە بە ژیانی وەرزشی بدات.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م