ریال مەدرید باشترین جێگرەوەی بۆ رۆناڵدۆ دۆزیوەتەوە

:: AM:11:32:25/07/2018 ‌

فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی پێیوایە باشترین بژاردەی بۆ پڕكردنەوەی شوێنی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی دۆزیوەتەوە كە چەند رۆژێك پێش ئێستا پەیوەندی بە یانەی یۆڤێنتۆسەوە كرد.

بەگوێرەی ماڵپەڕی (le10sport)ی فڕەنسی پێرێز پێیوایە باشترین بژاردە بۆ شوێنی رۆناڵدۆ گرێبەستكردنە لەگەڵ ئیدینسۆن كاڤانی هێرشبەری ئۆرگوایی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی.

پێرێز دەیەوێ دوای رۆیشتنی رۆناڵدۆ هێڵی هێرشبەری تیپەكەی هەر بە بەهێزی بهێڵێتەوە و ئەمەش بە هێنانی هێرشبەرێكی گەورە و مەزن دێتەدی.

كاڤانی لەرووی توانای جەستییەوە بەهێزە و باڵایەكی بەرزی هەیە و جگە لەوەش توانایەكی سەرسوڕهێنەری لە تۆماركردنی گۆڵدا هەیە.

لە ماوەی رابردوودا یانەی ریال مەدرید هەوڵی گرێبەستكردنی لەگەڵ هەردوو هێرشبەرەكەی تری یانەی پاریس سان جێرمان دابوو كە ئەوانیش برێتین لە نیمار دا سیلڤای بەڕازیلی و كیلیان مباپێی فڕەنسی.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م