پاریس سان جێرمان بە دوو مەرج نیمار دەدات بە ریال مەدرید

:: AM:11:07:13/09/2018 ‌

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان ئاشكرایان كرد، یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی ئامادەیی خۆی پێشانداوە ئەستێرە بەڕازیلییەكەی نیمار دا سیلڤا بدات بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بەڵام بە دوو مەرج.

نیمار لە هاوینی 2017 بە گرێبەستێك كە بەهاكەی 222 ملیۆن یۆرۆ بوو لە یانەی بەرشەلۆنە پەیوەندی بە یانەی پاریس سان جێرمانەوە كرد.

لای خۆیەوە یانەی ریال مەدرید لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا هەوڵێكی زۆری بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ نیمار دابوو بۆ پڕكردنەوەی شوێنی كریستیانۆ رۆناڵدۆ كە ئەم هاوینە بە 112 ملیۆن یۆرۆ رووی لە یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی كرد.

ماڵپەڕی (دیاریۆ گۆڵ)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: یانە پاڵەوانەكەی فڕەنسا ئامادەیە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا نیمار بدات بە یانەی ریال مەدرید، بەڵام بە دوو مەرج.

مەرجی یەكەم وەرگرتنی 300 ملیۆن یۆرۆیە لەبەرامبەر دەستبەرداربوونی نیمار.

مەرجی دووەمیش دۆزینەوەی باشترین جێگرەوەیە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی نیمار لە تیپەكەیاندا دروستی دەكات.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە بەرپرسانی یانەی پاریس سان جێرمان پێیانوایە باشترین بژاردەش بۆ پڕكردنەوەی شوێنی نیمار، گرێبەستكردنە لەگەڵ ئەنتوان گریزمانی ئەستێرەی فڕەنسی لە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی بەرشەلۆنە لەچەند مانگی رابردوودا هەوڵێكی زۆری دابوو بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ گریزمان، بەڵام دواجار یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید و دییگۆ سیمیۆنی راهێنەر رەتیان كردبووەوە دەستبەرداری بن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م