ئه‌ندامێكی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی به‌ڕێوه‌بردن و به‌رپرسی پێوه‌ندییه گشتی و دیپلۆماسییه‌كانی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، رای گه‌یاند كه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له رێی گرووپێكی فشار كه پێكهاتوون له كۆنه یه‌كێتییه‌كان، ده‌ستێوه‌ردانی زۆر له هاوپه‌یمانیدا ده‌كه‌ن و له‌به‌رئه‌وه ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی له هاوپه‌یمانی راگه‌یاندووه.
زێره‌ڤان ئه‌ندامی به‌رواری پێشووی ئه‌نجوومه‌نی به‌ڕێوه‌بردن و به‌رپرسی پێوه‌ندییه گشتی و دیپلۆماسییه‌كانی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و داپه‌روه‌ری، به"وشه"ی راگه‌یاند، به‌هۆی ئه‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له رێی گرووپێكی فشار كه پێكهاتوون له كۆنه یه‌كێتییه‌كان، ده‌ستێوه‌ردانی راسته‌وخۆ له هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری ده‌كه‌ن، بۆیه به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆم له هاوپه‌یمانی راگه‌یاند.
ئه‌و گوتی، هاوپه‌یمانی له‌سه‌ر بناغه‌یه‌كی به‌هێز دامه‌زرا، به‌ڵام به‌هۆی ده‌ستێوه‌ردانی زۆری یه‌كێتیی، به‌تایبه‌تی گرووپی فشاری كۆنه یه‌كێتییه‌كان، هاوپه‌یمانی له لێواری له‌ناوچووندایه.
به‌گوته‌ی به‌رواری "گرووپه‌كه سه‌ره‌تا به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی قه‌واره‌ی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و داپه‌روه‌ری، بۆ ناو یه‌كێتی راكێشا و ئێسته هه‌وڵی رژد ده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی به ته‌واوه‌تی نه‌مێنێ و ببێت به به‌شێك له یه‌كێتی، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م ساڵح ببێ به سه‌رۆك كۆماری عێراق".
به‌رواری ده‌ڵێت، "سه‌ركردایه‌تی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری بۆچوونی جیاوازی هه‌بووه، بۆچوونی گرنگ ئه‌وه بوو ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئاستی حزب بكرێت، ئه‌وا شتێكی نۆرماڵه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی كه‌سێتی بكرێت، ئه‌وا نۆرماڵ نییه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌سه‌ر ئاستی كه‌سێتی رێككه‌وتن كرا، بۆیه بایكۆتی دانیشتنه‌كانی هاوپه‌یمانیم كرد و چوونی به‌رهه‌م ساڵحم بۆ به‌غدا ره‌ت كرده‌وه. ئێسته‌ش پێوه‌ندیم به هاوپه‌یمانی نه‌ماوه و پێوه‌ندیم به هیچ حزبێكی تریش نه‌كردووه، ده‌ست لهكاركێشانهوهكهشم خسته دوای هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته رێكلام بۆ هیچ حزبێكی تر".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه چاره‌نووسی هاوپه‌یمانی روون نییه و دوای ئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق یه‌كلا بووه‌وه، ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م ساڵح بووه سه‌رۆك كۆمار، ئه‌وا چاره‌نووسی هاوپه‌یمانیش بۆ هه‌موو لایه‌ك روون ده‌بێته‌وه، به‌ڵام له‌ناو هاوپه‌یمانیدا ده‌سته‌یه‌ك هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه هاوپه‌یمانی به‌رده‌وام بێت و له یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دوور بكه‌وێته‌وه.
به‌رواری ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه به‌رهه‌م ساڵح چیتر پێوه‌ندی به هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری نه‌ماوه و ئه‌و ئێسته یه‌كێتییه و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هاوپه‌یمانی ئه‌و قبووڵ ناكاته‌وه.
زێره‌ڤان به‌رواری پێشتر به یه‌كێك له كه‌سه بێلایه‌نه‌كان ده‌ناسرا، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری دامه‌زرا، پێوه‌ندی به هاوپه‌یمانییه‌وه كرد و رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بوو له رێكخستنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی و له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقیش بووه كاندیدی هاوپه‌یمانی، به‌ڵام ده‌رنه‌چوو.
وشه/ دهۆك- نه‌وزاد هلۆری