ئەو كەسەی لە هونەری نانەوای دا چی بەسەر هات؟

:: PM:02:22:11/10/2018 ‌
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پێوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای كرد، ئەو كەسەی بە كلكە دەمانچە لە نانەوایەكی دا و گرتەی ڤیدیۆیی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاو بووەوە، تا ئێستە لای پۆلیسە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

نەقیب سەركەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پێوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو كەسەی لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی دەركەوت كە بە كلكە دەمانچە لە نانەوایەكی دەدا و گرتە ڤیدیۆكەی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاو بووەوە، تا ئێستە گیراوە و ئازاد نەكراوە.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، ئەو كەسە ئێستە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێ و چەند دۆسیەیەكی تری لەسەر ئاشكرا بووە، وەك تەقەكردن لە خەڵك و برینداركردنیان، چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانین بۆ سزادانی.

لە ماوەی ڕابردوودا تاوانبارێك بەناوی "ئاراس شێخە" كە پاسەوانی بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بوو، هێرشی كردە سەر هونەری نانەوا و بە كلكی دەمانچە لێی دا و دەیان جنێوی ناشیرینی پێ دا، گرتەی ڤیدیۆی ئەو ساتەیشی تۆمار كرد و لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاوی كردەوە، ئەمەیش كاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و سەرەنجام پۆلیسی سلێمانی توانییان بیگرن، بەڵام تا ئێستە لێی دەكۆڵنەوە، لە كاتێكدا بە تۆماری ڤیدیۆی تاوانەكەی دیارە و هەموو خەڵك بینیویەتی.

سلێمانی/هەستیار.



وشە - باز ئه‌حمه‌د