چاوشئۆغڵو و بەرپرسانی عێراق گفتوگۆ لەسەر حەوت دۆسیە دەكەن

:: PM:03:42:11/10/2018 ‌
دۆسیەكانی بوونی پەكەكە لە قەندیل و مەخموور و شنگال، بوونی سوپای توركیا لە باشیك، دۆخی كەركووك،  ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ و ناوچەكانی تر، كردنەوەی كونسوڵخانەیان لە مووسڵ و بەسڕە، پرسی زیادكردنی پشكی ئاوی عێراق لە رووباری دیجلە و هەناردەكردنەوەی نەوت لە رێی بەندەری جەیهان، دیارترین ئەو دۆسیانەن كە چاوشئۆغڵو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گەنگەشەی دەكات. چاوەڕوانیش دەكرێت لە رۆژی دووەمی سەردانەكەیدا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە. 

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، مەولوود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا بە سەردانێكی دوو رۆژە سەردانی عێراقی كرد، جگە لە كۆبوونەوە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی پێنجەم كە پرسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقی لەگەڵ تاوتوێ كرد، ئەوا لەگەڵ هەریەك لە عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ماوە تەواو بوو، ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوە، محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان، هادی عامری سەركردەی رێكخراوی بەدر و سەركردەی هاوپەیمانی فەتح، موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر و نوێنەرانی بەرەی توركمانی كۆ دەبێتەوە.

وەزیری دەرەوەی توركیا، پێش ئەوەی عێراق جێ بهێڵێت بەرەو هەرێمی كوردستان، ئەوا سەردانی مەزارگەی ئیمام عەلی بن ئەبی تاڵیب لە شاری نەجەف دەكات، لە رۆژی دووەمی سەردانەكەشیدا دێتە هەولێر، چاوەڕوان دەكرێت هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە.

سەردانەكە لەسەر داوای ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق بووە بۆ باسكردنی پرسە پێوەندارەكانی نێوان هەردوو وڵات كە وەك پێویست نییە، بەتایبەت لەسەر دۆسیەی ئاو دوای گرتنەوە و كەمكردنەوەی پشكی عێراق لە ئاوی رووباری دیجلە بەهۆی دروستكردنی بەنداوی ئەلیسۆ كە یەكێكە لەو 22 بەنداوەی لەسەر رووباری دیجلە لەلایەن توركیایەوە دروست دەكرێت، لە چوارچێوەی پڕۆژەی وەبەرهێنان و گرنگیدان بە باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ لە هەردوو شاری شرناخ و ماردین كە بەرزییەكەی 135 مەتر و پانییەكەشی دوو كیلۆمەتر دەبێت.

هەر پێوەند بە پرسی ئاو، محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان لە پەراوێزی بەشداریكردنی لە لووتكەی سەرۆك پەرلەمانانی وڵاتانی ئۆراسیا لە هەشتی ئەم مانگە، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا كۆ بووەوە، لە بەیاننامەیەكیشدا حەلبووسی رای گەیاند پرسی ئاو یەكێك بووە لە تەوەری گفتوگۆكانی لەگەڵ ئەردۆغان، ئەوەشی خستەڕوو كە ئەردۆغان بەڵێنی زیادكردنی پشكی ئاوی عێراقی لە رووباری دیجلە پێ داوە.

هاوكات جەبار لعێبی وەزیری نەوت رای گەیاند كە بەمنزیكانە سەردانی توركیا دەكات بە مەبەستی دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوت لە رێی بەندەری جەیهانی توركی، كە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو وەستاوە تا ئێستە.

جگەلە دۆسیەی ئاو، ئەوا پرسی سنوور و هەبوونی پەكەكە لە چیای قەندیل و ناوچە سنوورییەكان، تەوەرێكی تری پێوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە، هاوكات پرسی ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ و ناوچە زیان لێكەوتووەكانی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش بێگومان یەكێكی تر دەبێت لەو باسانەی وەزیری دەرەوەی توركیا لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی گەنگەشەی دەكات بە مەبەستی دۆزینەوەی هەلی كار بۆ سەتان كۆمپانیای توركی.

یەكێكی تر لەو دۆسیانەی نێوان هەردوو وڵات، بوونی پێگە و بارەگای سەربازی توركییە لە باشیك لە عێراق، كە ساڵی 2015 پاش هاتنی داعش، هێزێكی سوپای توركیا خۆی گەیاندە باشیك و لەوێ جێگیر بووە و حكوومەتی توركیا دەڵێ، هاتنی ئەو یەكەی سوپا بۆ راهێنان بووە بە هێزەكانی پێشمەرگە و لەسەر رەزامەندی حكوومەتی عێراق بووە، بەڵام بەرپرسانی عێراق چەندان جار داوای كشانەوەی ئەو هێزەیان كردووە و تەنانەت لە پەرلەمانی عێراقیش گفتوگۆی لەسەر كراوە.

هەر پێوەند بەو پرسە لە سەردانیدا بۆ بەغدا، بینالی یڵدرم سەرۆكی پەرلەمانی توركیا لە 30ی ئەیلوول/ سپتێمبەری رابردوو، رای گەیاند لەگەڵ عێراق گەیشتوونەتە رێككەوتن و وڵاتەكەی بەڵێنی داوە بە كشانەوە سوپاكەی لە باشیك.

هاوكات عەبادیش رای گەیاند لەگەڵ توركیا رێككەوتوون كە رێز لە سەروەری خاكی یەكتری بگرن و دەستوەردانیش نەكەن لە كاروباری ناوخۆی هیچ وڵاتێك.

جگە لەو پرسە هاوبەشانەی نێوان هەردوو وڵات، پێ دەچێ لەو سەردانەی چاوش ئۆغڵو، كردنەوەی كونسڵخانەی توركیا لە مووسڵ و بەسڕە لەگەڵ گفتوگۆكردن لەسەر لێدوان بە پێگە و بارەگاكانی پەكەكە و سنووداركردنی چالاكییەكانی ویستی سەرەكی سەردانەكەی بێت بۆ عێراق.

توركیا هیچ كات نەیشاردووەتەوە دژی هەبوونی كەمپی پەنابەرانی كوردانی توركیایە لە عێراق كە ئێستە لە مەخموور جێگیر كراون، هاوكات دوای ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانیش لە 25ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، لەگەڵ ئێران و عێراق لە هەوڵی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی گەورەدا بوو بۆ سەر قەندیل بە مەبەستی لەناوبردنی پێگە و بارەگاكانی پەكەكە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی، لە ئامانجدا لەگەڵ ئێران تا ئێستە ئەو پۆپراسیۆنە سەربازییەی ئەنجام نەداوە، ئەگەرچی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا دووپات لە هەڵوێستی وڵاتەكەی دەكات كە توركیا پاشگەز نابێتەوە لە ریشەكێشكردنی پەكەكە لە قەندیل و شنگال.

چاوشئۆغڵو پێش سەردانی بۆ بەغدا رای گەیاندبوو، وڵاتەكەی دەیەوێ كونسوڵخانەكەی لە مووسڵ بكاتەوە كە دوای هاتنی داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014ەوە داخراوە، هەروەها دەیەوێت كونسوڵخانەی توركیا لە بەسڕەش بكاتەوە كە بەهۆی هەڕەشەی تەناهی ماوەی چەند ساڵێكە ئەویش داخراوە.

كونسوڵخانەی توركیا لە مووسڵ، دوای هاتنی داعش هێشتا فەرمانبەرانی دەوامی ئاسایی خۆیانیان تێیدا دەكرد، بەڵام لە پڕێك داعش هەڵیكوتایە سەر كونسوڵخانەكە و 48 فەرمانبەری لێ گرتن، پاشان بەرپرسانی توركیا رایان گەیاند لە ئۆپراسیۆنێكی تایبەتدا سوپای وڵاتەكەی توانیویەتی دەستنیشانی جێی فەرمانبەرانی كونسوڵخانەی وڵاتەكەی بكات و پاشانیش لە دەستی داعش رزگاریان بكات.
 



وشە - فه‌رمان سادق