بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سلێمانی: زیاتر لە هەزار ژن سكاڵایان تۆمار كردووە

:: PM:10:54:11/10/2018 ‌

توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان لە بەرزبوونەوەدایە و بەپێی ئامارێكی بەڕێوبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان تەنیا لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە هەرێمی كوردستان 5425 ژن سكاڵایان دژی ئەو كەسانە تۆمار كردووە كە توندوتیژیان بەرامبەر كردوون و لەو رێژەیەش 1073 سكاڵا لە سلێمانی تۆمار كراوە.

رائیدی پۆلیس هیوا كەریم، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 1073 ژن سكاڵایان لە بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی تۆمار كردووە لە دژی هاوسەر و برا و باوك و مام و خاڵیان كە توندوتیژییان بەرانبەر كردوون. 

زیاتر گوتی، زیادبوونی سكاڵاكان دەگەڕێتەوە بۆ كەڵەكەبوونی ئەو كێشانەی كە هەبووە و ناهۆشیاری خێزان و ئەو قەیرانە ئابوورییەی كە كێشە كۆمەڵایەتییەكانی تۆختر كردووەتەوە، هەروەها كێشە سیاسییەكانیش بەشێكن لەو هۆكارانە، روونی كردەوە، ئەو قەیرانە داراییەی كە رووی دا نەیهێشت ئەو پڕۆگرامانە جێبەجێ بكرێت كە لەگەڵ رێكخراو و راگەیاندن و دامودەزگا پەروەردەییەكان دانرابوو بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژییەكان.

ئەو ئەفسەرە رای گەیاند، توندوتیژییە خێزانییەكان بنەبڕ ناكرێن، بەڵام دەتوانرێت كەم بكرێنەوە، ئامارەكانیش ساڵانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و ئەگەر یەك حاڵەتی توندوتیژیش هەبێت جێگای خۆشحاڵی نییە، بۆیە دەبێت هەوڵ بدەین بۆ نەهێشتنی حاڵەتەكانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان.

"حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشتر پلانی هەبوو بۆ ئەوەی كە پاڵپشتی رێكخراو و دەزگاكانی راگەیاندن و دەزگا پەروەردەییەكان و بەڕێوبەرایەتییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بكات، لەبەرئەوەی هەڵمەتی هۆشیاركردنەوە و یارمەتیدان پێویستی بە هاوكارییەكی مادی باش هەیە، بەڵام بەهۆی قەیرانەوە پلانەكان خاوبوونەوەی بەخۆیەوە بینی"، هیوا كەریم وای گوت.

ئەو گوتەبێژەی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەكارهێنانی چەكیش بە هۆكارێكی تری گرنگ دەزانێت و داوایەك ئاراستەی فەرمانگەكان دەكات و دەڵێت، بەهۆی زۆر چەكی بێ مۆڵەت و چەك بە گشتی لە ماڵەكاندا وای كردووە كە توندوتیژییەكان بەرامبەر بە ژنان هەبێت، بۆیە كە پێویستە ئەو كەسانەی كە پیشەیان پۆلیسە یان پێشمەرگە و ئاسایشە، چەكەكانیان نەبەنەوە ماڵەوە و لە ناو فەرمانگەكانیاندا لێیان وەربگیرێت، لەبەرئەوەی زۆرجار تاوان بەو چەكە مۆڵەتدارانە بكرێت.

سەبارەت بە چارەسەرییەكانیش، ئەو گوتەبێژەی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سلێمانی گوتی، هۆشیاری تاكەكانی كۆمەڵگە تاكە چارەسەری سەرەكییە بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژییەكانی خێزانە بەرامبەر بە ژنان و كچان، هەروەها كۆمەڵگەی ئێمە پیاوسالاری تیدا زاڵە، بۆیە كە ژنان داوای شتێكیان لە پیاوەكانیان كردووە وەكو ماف، ئەوا پێیان نامۆ بووە و توندوتیژییان بەرامبەریان بەكارهێناوە.

سلێمانی/ لۆڤە محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل