لێكۆڵینەوەكانی مۆلەر ترەمپ لە سەرۆكایەتی دوور دەخاتەوە؟

:: PM:06:25:21/11/2018 ‌
دواجار دۆناڵد ترەمپ وەڵامی پرسیارەكانی رۆبەرت مۆلەر سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە دەستوەدرانی رووسیا لە هەڵبژاردنی ئەمەریكای دایەوە، پارێزەرێكی سەرۆكیش دەڵێ زۆرێك لە پرسیارەكان پێوەنداربوون بە پرسی دەستووری مەترسیدار كە لە دەرەوەی بازنەی لێكۆڵینەوەیەكی یاسایی بوون.

شەوی رابردوو بە كاتی ئەمەریكا، پارێزەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە ترەمپ بە دەستنووس وەڵامی پرسیارەكانی رۆبەرت مۆلەر سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنی 2016ی ئەمەریكای داوەتەوە.

رۆدی جولیانی، پارێزەری تایبەتی ترەمپ لە بەیاننامەیەكدا دەڵێ زۆرێك لەو زانیارییانەی مۆلەر لە پرسیارەكانیدا داوای لە ترەمپ كردووە وەڵام بداتەوە، پێوەندار بوون بە پرسی دەستووری مەترسیدار و لە دەرەوەی بازنەی لێكۆڵینەوەیەكی یاسایی بوون.

ئەوەیشی خستەڕوو كە لەگەڵ ئەمەیشدا ترەمپ هاوئاهەنگییەكی زۆری كردووە كە پێشتر نەیكردووە و چاوەڕوانكراویش نەبووە، بۆیە ئێستە كاتی ئەوە هاتووە كاری لێكۆڵینەوە و لیژنەكە كۆتایی پێ بهێنرێت.

قسەكانی جولیانی پارێزەری تایبەتی ترەمپ، لە كاتێكدایە رۆبەرت مۆلەر لە ساڵی 2017ەوە لەلایەن "FBI"ی راسپێردرا بۆ لێكۆڵینەوە لە گومانەكانی ئەگەری دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنی 2016ی سەرۆكایەتی ئەمەریكا و هەبوونی پێوەندی لەنێوان تیمی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ رووسەكان.

تا ئێستە بەهۆی لێكۆڵینەوەكانی رۆبەرت مۆلەر، زیاتر لە 20 كەسایەتی لە تیمی هەڵمەتی بانگەشەی ترەمپ لە ئیدارەی كۆشكی سپی دوور خراونەتەوە، چ ئەوەی خۆی دەستی لەكار كێشابێتەوە، یان ترەمپ دووری خستبێتەوە.

ئەگەرچی پارێزەرە تایبەتەكە دۆناڵد ترەمپ پێی وایە ئیتر هەموو شتێك كۆتایی هاتووە و پێویستە ئەو دۆسیەیە دابخرێت، بەڵام بڕیاری داخستنی دۆسیەكە و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە لای رۆبەرت مۆلەرە كە هێشتا پێوەند بەو پرسە هیچ قسەیەكی نەكردووە و كاتیشی دەستنیشان نەكردووە.

مۆلەر، پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ وەڵامی پرسیارەكانی بداتەوە، مەرجی ئەوەی هەبووە كە دەبێت وەڵامەكان بە دەستخەتی خودی ترەمپ بنووسرێتەوە، ئەمەیش بە نامەیەكی فەرمی ناردووە بۆ پارێزەرانی سەرۆك كۆمار.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دوای وەڵامدانەوەی پرسیارەكان، بۆ میدیاكاران ئاشكرای كرد كە خۆی وەڵامی پرسیارەكانی مۆلەری داوەتەوە، پرسیارەكانیشی بە "زۆر ئاسان" ناوبرد. ترەمپ رەتی كردەوە هیچ پەیوەندییەك لەنێوان ئەو و رووسەكان هەبێت، لێكۆڵینەوەكەشی بە راوەدونانێكی جادوویی ناوبرد كە هیچ سوودێكی نابێت.

ترەمپ، لێكۆڵینەوەكانی مۆلەری بە دژ بە یەك و تەواو گەمژانە ناوبرد، گوتی، "لێكۆڵینەوەیەكی وەها درێژ كە چەند ساڵ بخایەنێت، نەنگییە بۆ ئەمەریكا".

تویتەكان ترەمپ پێوەند بە لێكۆڵینەوەكەی رۆبەرت مۆلەر لە كاتێكدایە هێشتا هەفتەیەك بەسەر ناچاركردنی دەستلەكاركێشانەوەی جیف سیشنز داواكاری گشتی تێپەڕی نەكردووە كە ماسیۆ ویتاكر لە جێگەی دەستبەكار بوو، بەو پێیەی داواكاری گشتی دەسەڵاتی لادانی رۆبەرت مۆلەر سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوەی هەیە، تەنانەت دەسەڵاتی داخستنی دۆسیەكەیشی هەیە.

ترەمپ لەو كاتەی قسەی بۆ رۆژنامەنووسان دەكرد، هێرشی زۆر توندی كردە سەر مۆلەر و لیژنەكە بەوەی زیانی ملیۆنان، بەڵكو ملیاران دۆلاری لە ئەمەریكا داوە كە نەدەبوو ئەوە هەر رووبدات. روونی كردەوە، رەنگە ئەوانەی كە پرسیارەكانیان نووسیوە بۆ من و وەڵامم داوەتەوە، نیەتی خراپیان هەبێت.

لێكۆڵینەوەكە لەو كاتەدا دەستی پێ كرد كە ساڵی 2016، ئاژانسی هەواڵگری ئەمەریكی "CIA" رای گەیاند رووسیا هەڵمەتێكی فراوانی لەسەر ئینتەرنێت دەست پێ كردووە بە ئامانجی دانانی كاریگەری لەسەر دەنگدەری ئەمەریكی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە رێگەی بڵاوكردنەوەی هەواڵی درۆیانە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەتایبەت لە فەیسبووك دژ بە هێلاری كلنتن ركابەری ئەوكاتی دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆكی ئەمەریكا.

ئەركی رۆبەرت مۆلەر لەم پرسەدا گەڕانە بە دوای دەستنیشانكردن و دۆزینەوەی هەر سەرە داوێك كە بیسەلمێنێت رووسیا بۆ بەرژەوەندی ترەمپ دەستوەردانی كردووە و ترەمپیش ئاگادارە.
لێكۆڵینەوەكان مۆلەر تا ئێستە زیاتر لە 20 كەسایەتی لە تیمی هەڵمەتی بانگەشەكەی كە دواتر بوون بە بەشێك لە ئیدارەی كۆشكی سپی بە دوورخستن و دەركردن داوە، بەگوێرەی لێكۆڵینەوەكانیش بێت لە زاری گەورە ئەندامانی تیمەكەی ترەمپ، ئەوە سەلمێنراوە چاویان بە رووسەكان كەوتووە و لەگەڵیان كۆ بوونەتەوە، كە لە سەرەتادا تیمەكەی ترەمپ ئەوەیان رەت دەكردەوە.

 لێكۆڵینەوەكەی رۆبەرت مۆلەر، ئاشكرای كردووە كە جۆنیۆری كوڕی ترەمپ چاوی بە پارێزەرێكی رووس كەوتووە لەكاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، پارێزەرە رووسەكەیش پێ گوتووە كە زانیاری خراپی لەسەر كلنتن هەیە دەكرێت دژی بەكاری بهێنێی بۆ بەرژەوەندی باوكی.

هاوكات جۆرج بابادوپۆلۆس راوێژكاری پێشتری ترەمپ، دانی بەوەنا كە پێشتر درۆی لەگەڵ نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵی "FBI" كردووە لەبارەی كۆبوونەوە و نێوەندگیری لەگەڵ رووسیا.

 تا ئێستە تۆمەت رووبەڕووی چوار كەس لە تیمەكەی ترەمپ كراوەتەوە، ئەوانیش پۆل مانافۆرت، ریك گیتس و جۆرج بابادوپۆلۆس راوێژكارانی ترەمپ، لەگەڵ مایكل فلین راوێژكاری پێشتری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا، بەڵام دۆناڵد ترەمپ رەتی دەكاتەوە هیچ تاوانێكی كردبێت و پێوەندی لەگەڵ رووسەكان بەست بێت، هیچ تۆمەتێكیشی لەسەر ساغ نەبووەتەوە.

رۆبەرت مۆلەر دوای وەڵامدانەوەی ترەمپ، نەیشاردەوە كە ئەگەر هەیە دیدارێكی فەرمی لەگەڵ ترەمپ ئەنجام بدات، ئەو پرسەی بە كراوەیی هێشتووەتەوە.
نووسینگەی رۆبەرت مۆلەریش هیچ زانیارییەكان لەسەر وەڵامدانەوەكەی ترەمپ ئاشكرا نەكردووە كە ئایا سەرۆكی ئەمەریكا بەربەستی دروست كردووە لە وەڵامدانەوەی پرسیارەكان یان نا؟.



وشە - فه‌رمان سادق