هاتوچۆی هەولێر لەسەر وێنەی سەرپێچی ئۆتۆمبێلەكەیان ڕوونكردنەوە دەدات

:: AM:10:37:19/01/2019 ‌
بڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر سزادانی ئۆتۆمبێلێكی هاتوچۆی هەولێر لەلایەن هاووڵاتییەكەوە بەهۆی خراپی ڕاگرتن لە شوێنی هەڵە، دەنگدانەوەی لێ كەوتووەتەوە و هاتوچۆی هەولێر ئاشكرای دەكات سزا شوفێرەكەیان داوە.

ئەمڕۆ شەموو 19ـی كانوونی دووەم، فازڵ حاجی حسێن بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای بڵاو بوونەوەی چەند وێنەییەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان شوفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی هاتوچۆ بۆ لێپرسینەوە بانگ كراوە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر گوتی، شوفێرەی ئۆتۆمبێلەكە سزادراوە و سزاكەشی بریتیی بووە لە دورخستنەوەی لە شوفێری بەهۆی سەرپێچییەكەی.

چەند وێنەیەك لە تۆڕە كۆمەلایەتییەكان بڵاو بووەتەوە كە هاووڵاتییەك بڕێك سزای بۆ ئۆتۆمبێلێكی هاتوچۆ نووسیوە بەهۆی ڕاوەستانی لە ناوەڕاستی شەقام لە بەردەم قەڵای هەولێر.

ئەو هاووڵاتییە سزاكەی بە بڕی 30 هەزار دینار نووسیوە و تێبینییەكەیشی نووسیوە ئەفسەری هاتوچۆ  تكایە لە شوێنی گونجاو ئۆتۆمبێلەكەت ڕابگرە و دەفتەری "غەرامە" سزا لای خۆتە بینووسە كە 30 هەزار دینار لەگەڵ ژمارەی ئۆتۆمبێلەكە كە نووسراوە.

بڵاوبوونەوەی ئەو وێنانە وایكردووە هاووڵاتییانی هەولێر بۆ ئەفسەرانی هاتوچۆی هەولێر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەو وێنانە دابنێن و داوای ئەوە دەكەن كە شوێنی ئۆتۆمبێلەكەیان نەگونجاو بووە بۆیە ڕوونكردنەوە بدەن كە ئەو ئۆتۆمبێلە سزای بۆ نووسراوە یان نا.

بەپێی یاسا ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لە شوێنی نەگونجا و قەدەغەكراو بە بڕی 30 هەزار دینار سزا دەدرێت و شوێنەكەش نزیك دەزگە تەناهییەكان بێت، ئەوا دەتوانرێت بگوازرێتەوە بۆ شوێنی دەست بەسەرداگرتن.








وشە - رامیار جەواد