شەوی ڕابردوو نوێنەرانی سەرۆك بارزانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بوون

:: AM:09:20:24/01/2019 ‌
دوای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو بڕگە و مادانەی پەسەند كرد كە تایبەت بوون بە مووچەی فەرمانبەران و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، چەند وێنەیەك لە تۆڕِە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بوونەتەوە تێیدا دوو نوێنەری سەرۆك بارزانی لەگەڵ محەمەد حەلبووسی دەردەكەون.

ئەمڕۆ پێنجشەم 24ـی كانوونی دووەم، چەند وێنەیەكی پێش كۆبوونەوەكەی شەوی ڕابردوو بڵاو بووەتەوە تێیدا مەسعوود حەیدەر و ئومێد سەباح لە چەند وێنەیەك پێش ئەنجامدانی كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەردەكەون و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگدانەوەی زۆری دروست كردووە، خەڵك دەپرسن ئەو دوو نوێنەرەی سەرۆك بارزانی لە ئەنجوومەن چی دەكەن؟ یان هەوڵەكانی سەرۆك بارزانییە وایكردووە ئەو بڕگانەی تایبەت بوون بە كورد پەسەند كران.

هاوكات مەسعوود حەیدەر لە لاپەڕی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، مەرجەعی كورد سەرۆك بارزانی، خەمخۆری مافەكانی گەلی كوردستان. بە ئیرادەی گەورەوە بەرگری لە گەل و نیشتمان دەكەین و كار بۆ خۆشگوزەرانی میلەتەكەمان دەكەین.

ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران نووسیویەتی، لە سەری بڵندەوە بۆ ناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق شانبەشانی خوشك و برایانمان لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان، بە رێنوێنی و سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانی و كاك مەسروور بارزانی.

ڕۆژی سێشەم محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە لە دانیشتنی ڕۆژی چوارشەم پڕۆژە یاسای بودجە دەخرێتە دەنگدان و كاندیدانی وەزارەتە بەتاڵەكانی كابینەی حكوومەت دەخرێنە روو و لە دانیشتنی پێنجشەمیش عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی مێوانداری پەرلەمان دەكرێت.

دوای سەردانیكردنی سەرۆك بارزانی بۆ شاری بەغدا ئێستە گۆڕانكاری نوێ‌ لە هەڵوێستی بەغدا هەیە بەرانبەر هەرێمی كوردستان.

پەرلەمانی عێراق تا ئێستە دەنگی لەسەر 18 مادە داوە، لەوانەیش پێوەست بە پشكی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانتارانی كوردیش دووپاتی دەكەنەوە كە مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە جێگیر كراوە.



وشە - رامیار جەواد