له دوو ساڵدا 22 كه‌س بوونه‌ته قوربانی
وارشین سلێمان به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی شیلادزێ رای ده‌گه‌یه‌نێت كه كادرانی ته‌ڤگه‌ری ئازادی ئاراسته‌ى خۆپێشاندانی شاره‌دێكه‌یان به‌ره‌و بنكه سه‌ربازییه‌كه‌ی سوپاى توركیا برد بۆیه ئه‌وه‌ى بینیمان رووی دا. دووپاتیشی ده‌كاته‌وه "خۆپێشانده‌ران پێكه‌وه سه‌ركۆنه‌ى توركیا و په‌كه‌كه‌یان ده‌كرد".
به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی شیلادزێ له‌و دیمانه‌ی "وشه"دا، ئاشكرای ده‌كات كه له ماوه‌ى ساڵ و نیوی رابردوودا 22 كه‌س بوونه‌ته قوربانی هێرشه‌كانی سوپاى توركیا و 85 گوندی سنووره‌كه چۆڵ كراون و 75%ی سنووری ئامێدی ناوچه‌ی قه‌ده‌غه‌كراوی سه‌ربازییه. به‌گوته‌ی ئه‌و "تاكه چاره‌سه‌ریش نه‌مانی په‌كه‌كه‌یه له سنووره‌كه".
بۆچوونتان له‌سه‌ر خۆپێشاندانه‌كه چییه له كاتێكدا خه‌ڵك پێشتریش به‌هۆی بۆردمانی سه‌ربازیی توركیا بوونه‌ته قوربانی؟
خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری شیلادزێ بوونه‌ته قوربانی هاوكێشه‌یه‌كی هه‌رێمایه‌تى له نێوان بوونی په‌كه‌كه له سنووره‌كه و هێرش و تۆپبارانی سوپاى توركیا دژ به پارتی كرێكارانی كوردستان، ئه‌مه راستى رووداوه‌كانه و له ساڵى 1994ـه‌وه خه‌ڵكی نێروه و دۆسكی ژووری و رێكان و سنووره‌كه، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یانتوانیوه گونده‌كانی خۆیان ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه.
شاره‌دێی شیلادزێ دانیشتووانه‌كه‌ی 43 هه‌زار كه‌س ده‌بێت، زۆرینه‌ى دانیشتووان له سه‌نته‌ری شاره‌دێكه‌ن، ئه‌گه‌رچی سنووره‌كه له 92 گوند پێكدێ، به‌ڵام به‌هۆی هه‌بوونی په‌كه‌كه له ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا، 85 گوندی بووه‌ته ناوچه‌ى قه‌ده‌غه‌كراوی سه‌ربازی و چۆڵ كراون، بۆ خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه قه‌ده‌غه‌یه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر زێدی خۆیان.
بوونی په‌كه‌كه له ناوچه‌كه وایكردووه ئه‌و گوندانه چۆڵ ببن و رۆژانه‌یش هێرشیان بكرێته سه‌ر، ئه‌گه‌رچی خه‌ڵك له‌و گوندانه ناژین و كه‌سی لێ نییه، به‌ڵام په‌كه‌كه به‌وه‌وه ناوه‌ستێ و هه‌وڵ ده‌دات رۆژانه نزیكی ئه‌و گوندانه‌ش ببێته‌وه كه خه‌ڵكی لێیه، به‌مه‌ش بیانوو و پاساو ده‌دات به ده‌ستى توركیاوه بۆ هێرشكردنه سه‌ر ئه‌و گوندانه.
ئه‌وه‌ى له شیلادزێ رووی دا، خه‌ڵكه‌كه سه‌ره‌تا سه‌ركۆنه‌ى هێرشی هه‌ردوولا توركیا و په‌كه‌كه‌یان كرد، به‌ڵام دواتر هه‌ندێك خه‌ڵك ویستیان ئاراسته‌كه‌ى بگۆڕن و به‌ره‌و توندوتیژی بردیان و سوودیان له ورووژاندنى هه‌ست و سۆزی خه‌ڵك بینی.
به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ى به‌شداری له خۆپێشاندانه‌كه‌یان كردبوو، یان بریندار بووبوون، یان كه‌سوكاری ئه‌وانه بوون كه به‌هۆی بۆردمانی سوپاى توركیاوه شه‌هید بووبوون، دواتر ئاراسته‌ى خۆپێشاندانه‌كه رووی كرده بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی سوپای توركیا و ئه‌وه رووی دا كه به ڤیدیۆ و وێنه بڵاو بوونه‌ته‌وه.
كه‌وایه مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه بڵێی خه‌ڵكانێك هه‌بوون ئاراسته‌ى خۆپێشاندانه‌كه‌یان گۆڕیوه؟ زانیاریتان هه‌یه ئه‌وانه كێ بوون؟
به‌ڵێ زانیاریمان هه‌یه و ئه‌وان كادری ته‌ڤگه‌ری ئازادی بوون بوون. له سۆشیال میدیاش هانی خه‌ڵكیان ده‌دا، به به‌ڵگه و ڤیدیۆ هه‌ن كه ئه‌وان له ریزی خۆپێشانده‌راندا بوون و هانی مێرمنداڵانیان ده‌دا.
جگه له‌و شه‌ش كه‌سه‌ى سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ شه‌هید بوون، تا ئێسته له‌و سنووره‌ى ئێوه چه‌ند كه‌س به‌هۆی بۆردمانی سوپاى توركیا بوونه‌ته قوربانی؟
به‌و شه‌ش كه‌سه‌ى له 2019 شه‌هید بوونه، به‌هۆی هێرشه‌كانی سوپاى توركیاوه كه چواریان به‌دڵنیاییه‌وه شه‌هید بوونه و دووه‌كه‌ی تریش هێشتا بێسه‌روشوێنن، له ساڵ و نیوی رابردووه‌وه تا ئێسته 18 كه‌س شه‌هید بوونه و چوار كه‌سیش بریندار بوون.
چی كراوه بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان؟
زۆرینه‌ى ئه‌وانه‌ى بوونه‌ته قوربانی، پێشمه‌رگه یان فه‌رمانبه‌ر بوون، مامه‌ڵه‌یان بۆ كراوه تا خانه‌نشین ببن، له‌وه زیاتر هیچی تریان بۆ نه‌كراوه.
وه‌ك نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ناوچه‌كه، هاوئاهه‌نگیتان له‌گه‌ڵ بنكه و باره‌گه سه‌ربازییه‌كانی توركیا نییه له‌وه‌ى هێرش نه‌كه‌نه سه‌ر هاووڵاتییانی سڤیل به پاساوی په‌كه‌كه وه‌ك خۆت باسی ده‌كه‌ی، ده‌كرێ هه‌ر هاووڵاتییه‌ك بیه‌وێت سه‌ردانێكی گونده‌كه چۆڵكراوه‌كه‌ی بكات، یان بۆ هه‌ر هۆكارێك سه‌ردانێك بكات، بكرێته ئامانج؟
هیچ هاوئاهه‌نگییه‌ك له نێوان ئێمه و بنكه و باره‌گه‌كان نییه. سوپاى توركیا به عه‌شوایی بۆردمانی خه‌ڵكی نه‌كردووه، به‌ڵام بوونی په‌كه‌كه وایكردووه ئه‌و ناوچه‌یه بكرێته ئامانج. تا ئێسته هیچ ده‌ڤه‌رێك كه خه‌ڵكی تێدا ده‌ژی و ناوچه‌ی نیشته‌جێیه، بۆردمان نه‌كراوه.
به دیوه‌كه‌ی تردا، كه‌وایه رۆڵتان چییه له‌وه‌ى خه‌ڵك ئاگادار بكه‌نه‌وه ئه‌و ناوچه‌یه قه‌ده‌غه‌كراوه و هه‌ر كه‌س بۆی بچێت، ده‌بێته ئامانجی سوپاى توركیا؟
زۆر ده‌مێكه ئێمه ئه‌وه‌مان به خه‌ڵك گوتووه و ئاگادارمان كردوونه‌ته‌وه، به‌ڵام خه‌ڵكانێكی هه‌ژار بۆ راوكردنى ماسی، یان هێنانی هه‌ندێك جۆری گیای به‌هاری وه‌ك كه‌نگر و تۆڵه‌كه و.. ده‌یفرۆشنه‌وه و بژێوی خۆیانی پێ دابین ده‌كه‌ن، هه‌نگیان هه‌یه، یان ئاژه‌ڵداری له‌و ناوچانه ده‌كه‌ن. خه‌ڵكه‌كه بێزار بوون له‌وه‌ى له كۆمه‌ڵگه‌كان ژیان بكه‌ن، ده‌یانه‌وێ بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر زێدی خۆیان و گونده‌كانیان ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه، بۆیه هه‌ندێك جار ده‌بنه قوربانی.
كه‌واته ئه‌و دۆخه به‌رده‌وام ده‌بێت و خه‌ڵك ده‌بنه قوربانی تا ناوچه‌ى قه‌ده‌غه‌كراوی سه‌ربازیی هه‌بێت؟
تا په‌كه‌كه له ده‌ڤه‌ره‌كه بێت، به‌رده‌وام ده‌كه‌ونه به‌ر هێرشی سوپاى توركیا. نه‌ك ته‌نیا سنووری شیلادزێ، به‌ڵكو سنووری شارۆكه‌ى ئامێدی كه شاره‌دێیه‌كانی شیلادزێ، سه‌رسنگ، كانی ماسی، كه‌مانكێ و دێره‌لووك ده‌گرێته‌وه، 75%ی ئه‌و سنووره بووه به ناوچه‌ى قه‌ده‌غه‌كراو.
هیوادارین په‌كه‌كه ئه‌و ململانێیه بیگوازێته‌وه خاكی توركیا و چیتر خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه نه‌بنه قوربانی.
ده‌ڵێی په‌كه‌كه پاساو ده‌داته ده‌ست سوپاى توركیا، هاوئاهه‌نگیتان له‌گه‌ڵیان هه‌یه كه جموجووڵه‌كانیان له ناوچه‌كه رابگرن تا چیتر خه‌ڵك نه‌بنه قوربانی؟
وه‌ك شاره‌دێی شیلادزێ، نه‌خێر نیمانه.
به‌پێی ئاماره‌كه‌ی ئێوه بێت، مردن له شیلادزێ به پله‌ى یه‌كه‌م قوربانییانی هێرشه‌كانی سوپاى توركیایه. له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمی كوردستان چی كراوه هێنده‌ى ئاگادار بیت؟
ئه‌و پرسه پرسێكی سه‌روه‌رییه و گرێ دراوه به حكوومه‌تی عێراق و وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه و پێوه‌ندی هه‌یه به سه‌روه‌ری خاكی عێراق، چونكه بوونی په‌كه‌كه له ده‌ڤه‌ره‌كه و جموجووڵیان ره‌نگه به‌ده‌ستى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌بێت.
لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه پێكهێنراوه، كاره‌كانی به چی گه‌یشتووه؟
ده‌ستى به‌كار كردووه، نامه‌وێ قسه‌ى له‌سه‌ر بكه‌م.
تا ئێسته كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك گیراون و له ناویاندا كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌نووس و چالاكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌یش هه‌ن، ئه‌وانیش كادر و چالاكی ته‌ڤگه‌ری ئازادین، وه‌ك ده‌ڵێن ئه‌وان هانده‌ری خه‌ڵكه‌كه بوون بۆ هێرشكردنه سه‌ر بنكه‌یه‌كی سوپاى توركیا؟
ئه‌وه‌ى من بزانم كه‌س بێ هۆ نه‌گیراوه، هه‌موو ئه‌وانه‌ى گیراون به بڕیاری دادوه‌ر بووه.
جگه له زیانه مرۆییه‌كان، زیانه‌كانی ئابووری و كشتوكاڵی چین؟
سنووری شیلادزێ كه ژماره‌ى دانیشتووانی 43 هه‌زار كه‌س ده‌بێت، 300 تا 400 هه‌زار دۆنم زه‌ویی كشتوكاڵی و به‌ردی هه‌یه، نه‌توانراوه سوودی لێ وه‌ربگیرێت چ له رووى كشتوكاڵی بێت یان گه‌شتیاری كه ده‌ڤه‌ری ئامێدی به گه‌شتوگوزار ناسراوه.
جگه له‌مه، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش نه‌یتوانیوه خزمه‌تگوزاریی بنه‌ڕه‌تى بگه‌یه‌نێته ئه‌و ناوچه‌یه. وه‌ك ژماره هیچ داتایه‌كم نییه تا بڵێم زیانه‌كانی له رووى كشتوكاڵییه‌وه ساڵانه ئه‌وه‌نده ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌راوردی شارۆكه‌ى ئامێدی به شارۆكه‌كانی تر بكه‌ی له رووی داهاته‌وه، روون ده‌بێته‌وه كه ساڵانه چه‌نده زیان ده‌كات، چونكه 75%ی سنووری ئامێدی ناوچه‌ى قه‌ده‌غه‌كراوی سه‌ربازییه.
چاره‌سه‌ر چییه؟
چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه په‌كه‌كه لێره نه‌مێنێت تا پاساو نه‌درێته ده‌ست سوپاى توركیا.