دۆزینەوەی رێگەیەكی نوێ بۆ رێگرتن لە دووگیانبوون

:: PM:07:10:31/01/2019 ‌

زۆرێك لە خێزانەكان بەمەبەستی رێكخستنی وەچەخستنەوە، پەنا بۆ ئامرازەكانی رێگرتن لە دووگیانبوونی ژن دەبەن و ئەوەی باوە لای زۆرینەی خەڵك كە ژنەكە دژە دووگیانی بەكار دێنێت لە حەب و شێوازیتریش، بەڵام بۆ پیاو رێگەكان سنووردارن، توێژەرانی زانكۆیەكی چینی رێگەیەكی نوێ و لە رێگەی پیاوەوە دادەهێنن.

ئەوەی لەبەردەم پیاو هەیە بۆ رێگرتن لە دووگیانی ژندا، بەكارهێنانی كۆندۆم یان ئەنجامدانی نەشتەرگەری پچڕاندنی پەتكی سپێرمە، واتە رێگرتن لە گواستنەوەی سپێرم بۆ ناو شلەی سپێرمی لە رێگەی دوو كەناڵ لە كۆئەندامی زاوزێوە.

توێژەران لە زانكۆی "نانشانگ"ی چینی دەڵێن، ئەو رێگەی ئەوان دیانهێناوە ماوەیەكی درێژ بەردەوام دەبێت لەو كارە و روونیان كردەوە كە بریتییە لە خستنی چوار چین لە چەند مادەیەك بۆ ناو رێڕەوی چوونەدەرەوەی شلەی سپێرم لە رێگەی درزییەوە.

زانایان دەڵێن، ئەو چینانە بریتین لە چەندان مادە كە بەپێی سیستەمێكی ورد رێكخراون و هەریەكەیان رۆڵێكی دیاریكراویان هەیە، وەك ماڵپەڕی "نیو ئەتڵەس"، دەڵێت، مادەی هیدرۆجیل وەك بەربەست لەبەردەم چوونەدەرەوەی شلەی سپێرمدا دەوەستێت لەكاتی فڕێدانی تۆدا و هەرچی ترشی " EDTA " یە توانای لەناوبردنی سپێرمەكانی هەیە.

ئەو رێگایە لەسەر مشكی تاقیگە تاقی كراوەتەوە و دەركەوت كە نێرینەكانیان بۆ ماوەی دوو مانگ نەیانتوانی هێلكەی مێینەكان بپیتێنن، ئەوەیش دەری دەخات كە ئەنجامی باشی دەبێت.

زانایانی چینی دەڵێن، ئەوكاتەیشی پزیشكان بیانەوێت ئەو كارە رابگرن بۆ گەڕاندنەوەی توانای پیتاندن و وەچەخستنەوە، لە رێگەی تیشكی ژێر سوورەوە ئەو مادانە تێكەڵ دەكەن و لە رێگەی چووكی پیاوەوە دەهێنرێتە دەرەوە، جیا لەوەی كاریگەری ناكاتە سەر چالاكی سێكسی پیاو.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل