رێواس فایه‌ق ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان و یه‌كێك له كاندیده‌كانی یه‌كێتی بۆ سه‌رۆكى په‌رله‌مان، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا باس له كارنامه‌ى فراكسیۆنی سه‌وز بۆ خولی پێنج ده‌كات و ده‌ڵێ، تا ئێسته 16 پڕۆژه‌یان ئاماده كردووه، به‌شێك له‌وانه كارنامه‌ى دانوستاندنه له‌گه‌ڵ پارتى. باس له‌وه‌یش ده‌كات كه له‌گه‌ڵ پارتى رێككه‌وتنی سیاسی ده‌كه‌ن و پێی وایه بوونی ئه‌و رێككه‌وتنه پێشوه‌خته كاریگه‌ری ئه‌رێنی به‌سه‌ر كاری په‌رله‌مانی ده‌بێت.
فایه‌ق له‌باره‌ى پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان له هه‌وڵدایه بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته، به‌ڵام ددان به‌وه‌شدا ده‌نێت كه بڕیاری كۆتا لاى ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بی سیاسییه.
وه‌ك په‌رله‌مانتاری خولی نوێ، سێ مانگه سوێندی یاساییتان خواردووه، به چیه‌وه سه‌رقاڵن؟
وه‌ك فراكسیۆنى یه‌كێتی ده‌وامی ئه‌ندامانمان دابه‌ش كردووه و هه‌فتانه به به‌رده‌وام لێره‌ین، ئه‌گه‌رچی هێشتا كه‌سمان مووچه‌ى په‌رله‌مانتاریی خولی نوێمان وه‌رنه‌گرتووه. كارمان ئه‌وه‌یه گوێ له داواكاری خه‌ڵك بگرین و هه‌فتانه رۆژێك كۆ ده‌بینه‌وه بۆ ئاماده‌كردنى به‌رنامه‌ى فراكسیۆنى یه‌كێتی له پڕۆژه یاساكان بۆ خولی پێنجه‌م، تا ئێسته 16 پڕۆژه‌مان ئاماده‌یه.
له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانی تر، تاوتوێی به‌رنامه‌ی هاوبه‌شتان كردووه؟
خاڵی هاوبه‌ش له نێوانمان زۆره و رۆژانه به نافه‌رمی گفتوگۆ ده‌كه‌ین، هه‌ندێك بیرۆكه و پڕۆژه‌یاسا لاى زۆرینه‌مان هه‌یه، به‌ڵام به فه‌رمی گفتوگۆمان له‌سه‌ر نه‌كردووه، چونكه سه‌رۆكایه‌تیى و لیژنه‌كان هێشتا ده‌ستنیشان نه‌كراون.
وه‌ك چی كه كۆده‌نگیی له‌سه‌ر هه‌یه؟
پڕۆژه‌یاسای چاكسازی و پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان كۆده‌نگییان له‌سه‌ره كه له‌م خوله‌دا بڕۆن.
یه‌كێتی و پارتى له سه‌روبه‌ندی رێككه‌وتنێكی چوار ساڵیدان، بوونى وه‌ها رێككه‌وتنێك چه‌نده لێكه‌وته‌ى ئه‌رێنی به‌سه‌ر كاری په‌رله‌مانی ده‌بێت بۆ چوار ساڵى ئاینده به به‌راورد به خولی پێشتر؟
جیاوازییه‌كه له‌وێدا كاریگه‌ریی ئه‌رێنی ده‌بێت، له خولی رابردوو یه‌كێتی پێوه‌ندی به حكوومه‌ته‌وه كرد نه‌ك به‌شدار، چونكه حكوومه‌ت پێكهێنرا و هه‌ندێك پۆست بۆ یه‌كێتی به به‌تاڵی جێهێڵرا و دواتر یه‌كێتی پڕی كردنه‌وه، به‌ڵام بۆ ئه‌م خوله به‌مجۆره نییه و به بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تى، ده‌بێ یه‌كێتی به‌شدار بێت له بڕیاری دروستكردنى حكوومه‌ت، نه‌ك حكوومه‌ت دروست بكرێت و پۆستى بۆ جێبهێڵرێت.
ئه‌مه چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر كاری په‌رله‌مان و حكوومه‌ت ده‌بێ؟
ئه‌گه‌ر له خولی رابردوو به‌شێك بووینایه له بڕیاری پێكهێنانی حكوومه‌ت، ئه‌وا هه‌ندێك بڕیاری كابینه‌ى پێشتر به‌مجۆره نه‌ده‌بوو كه بوون، وه‌ك پرسى داخستنی په‌رله‌مان، بڕیاره‌كانی ئابووری، بڕیاری پێوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، بڕیاره‌كانی حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ حزبه كوردییه‌كانی پارچه‌كانی تر، بابه‌تى مامه‌ڵه‌كردن به داهاتی نه‌وت و زۆر شتی تریش.
بۆیه ده‌مانه‌وێ له‌گه‌ڵ پارتى رێككه‌وتن بكه‌ین له‌سه‌ر هێڵه گشتییه‌كان و ده‌چینه ناو ورده‌كارییه‌كانی له‌سه‌ر ئاستى ته‌ناهی، ئابووری، پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه، هه‌مووی به‌یه‌ك پاكێج بێت.
به‌لاى یه‌كێتییه‌وه پرسی به‌غدا و كه‌ركووك هاوته‌ریب ده‌بێت له‌گه‌ڵ پێكهێنانی حكوومه‌ت له كوردستان، چونكه ئه‌گه‌ر پێوه‌ندی یه‌كێتی و پارتى له به‌غدا خراپ بێت، ئه‌وا ره‌نگدانه‌وه‌ى نه‌رێنی ده‌بێت به‌سه‌ر تیمی یه‌كێتی له حكوومه‌ت و وا ده‌كات حكوومه‌ت سه‌قامگیر نه‌بێت. چونكه به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كانی روو ده‌ده‌ن، ره‌نگدانه‌وه‌یان ده‌بێت له‌سه‌ر فراكسیۆنى یه‌كێتی و ره‌نگدانه‌وه‌یان ده‌بێت به‌سه‌ر پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی پارتی له ناو په‌رله‌مانیش.
بۆیه ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنه‌كه ئه‌نجام بدرێت و وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌وا كاریگه‌ریی ئه‌رێنی ده‌بێت به‌سه‌ر كاری په‌رله‌مان و چوار ساڵى ته‌ندروست و هاوئاهه‌نگ ده‌بێت، چونكه نامانه‌وێ به‌ریه‌ككه‌وتن له ناو په‌رله‌مان روو بدات و ئه‌زموونمان كرد كه ئه‌وه‌ى لێی زیانمه‌نده، خه‌ڵكی كوردستانه، مادام دروشمی هه‌ڵبژاردنمان ئارامی و هه‌لی كار و خزمه‌ت بووه، تیمی یه‌كێتی له حكوومه‌ت و په‌رله‌مان بۆ به‌رجه‌سته‌كردنى ئه‌و دروشمانه كار بكات.
بۆچوونتان چییه ئه‌گه‌ر گۆڕانیش به‌شداری له‌و رێككه‌وتنه پێ بكرێت؟
ڤیتۆمان له‌سه‌ر به‌شداری هیچ هێزێكی سیاسی له حكوومه‌ت نییه، هه‌موو هێزێكی براوه‌ى هه‌ڵبژاردن مافی خۆیه‌تى به‌شداری له حكوومه‌ت بكات. بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان وه‌ك هێزی سێیه‌م له‌باره‌ی یه‌كێتی ناوچه‌ی هه‌ژموون و بنكه‌ى جه‌ماوه‌ری و دنیابینی و ستراتیجمان له یه‌كتر نزیكه، ئه‌وانیش ئۆپۆزسیۆنبوونیان ئه‌زموون كردووه، له كۆتادا بڕیاری به‌شداری لاى خۆیانه، به‌ڵام بۆ پرۆسه‌ى سیاسی باشتره به‌شدار ببن.
پێوه‌ند به رێككه‌وتنه‌كه، تا ئێسته باس نه‌كراوه گۆڕان بهێنرێته ناو رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان پارتى و یه‌كێتی، چونكه هه‌ندێك پرس هه‌ن گۆڕان ناتوانێ ببێت به لایه‌ن تێیدا، بۆ نموونه ته‌ناهی، بۆیه لێره‌دا ده‌بێ پارتى وریا بێت، جۆرێك به‌ڵێن به یه‌كێتی یان گۆڕان نه‌دات هاودژ بن.
گوتتان 16 پڕۆژه‌تان ئاماده‌یه، ئه‌وله‌ویه‌ت لای فراكسیۆنى یه‌كێتی چییه؟
ئه‌وله‌ویه‌ت دابه‌ش كراوه‌ته سه‌ر بواری سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تى، چاكسازی و ئابووری. له سیاسییه‌كه تێپه‌ڕاندنى كاراكردنه‌وه‌ى لیژنه‌ى نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌رێم و تێپه‌ڕاندنى، چۆنیه‌تى كاراكردنه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم كه پێویستى به یاسا هه‌یه، ئه‌مه دوو پرسی سه‌ره‌كین. پێوه‌ند به كۆمه‌ڵایه‌تى، ده‌مانه‌وێ پڕۆژه‌یاسای چاودێری و هاریكاری كۆمه‌ڵایه‌تى بكه‌ین به یاسا كه خۆی له دابینكردنى بیمه‌ى ته‌ندروستى و خوێندنى باڵا و چاره‌سه‌ری بێكاری كه سۆشیالیان پێ بدرێت، ئه‌مه‌ش له خولی پێشتردا پڕۆژه‌مان بۆ پێشكه‌ش كردبوو.
له چاكسازییه‌كه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین پاكێجێك هه‌بێت به جۆرێك گه‌نده‌ڵی له ناعه‌داله‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى جیا بكاته‌وه، بۆ نموونه یاسای چاكسازی، گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى تێكه‌ڵ كردبوو، وه‌ك خانه‌نشینی په‌رله‌مانتاری كه گه‌نده‌ڵی نییه، به‌ڵكو ناعه‌داله‌تى كۆمه‌ڵایه‌تییه و ده‌بێت له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵی جیا بكرێته‌وه كه هه‌زاران خه‌ڵك یه‌ك رۆژ وه‌زیفه‌ى حكوومه‌تیان نه‌بووه، به پله‌ى وه‌زیر و پله‌ى باڵا خانه‌نشین كراون. ناعه‌داله‌تى ده‌بێت به یاسا رێك بخرێت و ئه‌وه‌ى تریش ده‌بێ به یاسا بنبڕ بكرێت، بۆیه خانه‌نشینی په‌رله‌مانتاری له‌گه‌ڵ جێبه‌جێَكردنى یاسای ژماره نۆی خانه‌نشینی په‌رله‌مانی عێراقین.
جگه له‌مه سێكته‌ره‌كانی تریش پێویستى به چاكسازی هه‌یه، له‌وانه سیسته‌می بانكی و كارگێڕی، پڕۆژه‌یه‌ك له‌سه‌ر بیرۆكه‌كانی قوباد تاڵه‌بانی بۆ نه‌هێشتنی رۆتینی كارگێڕی ئاماده‌مان كردووه، داراییه‌كه پێویستى به هه‌مواری یاسایه‌ك هه‌یه كه ئه‌وه‌ى ئێسته هه‌یه كاری پێ ناكرێت و سیسته‌مه‌كه به هه‌ڕه‌مه‌كی به‌ڕێوه ده‌چێت.
له سێكته‌ری ئابووری، پێویسته سه‌رچاوه‌كانی داهات فره‌ڕه‌نگ بكرێن و ناكرێ ته‌نیا پشت به نه‌وت ببه‌سترێت، ئێمه پێمان وایه حكوومه‌ت له سێكته‌ره‌كانی گه‌شتوگوزار، بازرگانی، پیشه‌سازی نانه‌وتی، كشتوكاڵ شكستى هێناوه، بۆیه ده‌بێ به‌شێك له داهاتی نه‌وت بۆ سێكته‌ركانی تر به‌كار بهێنرێت. جگه له‌مه، ده‌بێ چوار كۆمپانیاكه‌ی له یاسای نه‌وت و غازدا هاتووه دابمه‌زرێن، بۆیه كردوومانه به خاڵی دانوستاندن.
ته‌نانه‌ت بیرۆكه‌ى ئه‌وه‌مان هه‌یه هاووڵاتی بۆی هه‌بێت پشك له كۆمپانیای نه‌وتی نیشتمانی بكڕێت، بیرۆكه‌ى ئه‌وه‌مان هه‌یه قه‌رزی مووچه‌خۆرانی حكوومه‌ت سه‌ره‌تا به یاسا جێگیر بكرێت و ئه‌وه‌ی قه‌رزاری حكوومه‌ته له‌و قه‌رزه‌ى خۆی لێی ده‌ربكرێت، ئه‌وه‌یشی ده‌مێنێته‌وه پشكی له كۆمپانیای نیشتمانی نه‌وت پێ بدرێت.
جگه له‌مه پڕۆژه‌مان هه‌یه بۆ دامه‌زراندنى فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست كه له 2013ه‌وه تا ئێسته هه‌ن و ژماره‌یان 30 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری گرێبه‌سته.
كه‌واته یه‌كێتی ئاماده‌یه وه‌زاره‌ته خزمه‌تگوزارییه‌كان پێش وه‌زاره‌ته سه‌روه‌رییه‌كان، بۆ نموونه وه‌زاره‌تى ناوخۆ وه‌رنه‌گرێت و داوای كشتوكاڵ بكات كه پڕۆژه‌ى هه‌یه بۆ پێشخستنی؟
واقیعی هه‌رێمی كوردستان به‌مجۆره‌یه كه هه‌موومان ده‌یبینین، به‌ڵام داوای وه‌زاره‌تى خزمه‌تگوزاریش ده‌كه‌ین. هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه داوای رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتى بكه‌ین پێش پێكهێنانی حكوومه‌ت، چونكه كێ ده‌ڵێ پارتى ئه‌و پڕۆژانه‌ى یه‌كێتی جێبه‌جێ ده‌كات؟ بۆیه ده‌مانه‌وێ ئه‌وانه ببن به خاڵی لێكگه‌یشتن له‌گه‌ڵ پارتى.
له خولی رابردوودا 206 پڕۆژه یاسا مانه‌وه، وه‌ك ئه‌ندامێكی خولی رابردوو كامیان زۆر به‌لاته‌وه گرنگ بوو ببێت به یاسا؟
ئه‌وه‌ى سۆشیال، پڕۆژه یاسای چاودێری و هاریكاری كۆمه‌ڵایه‌تى كه سووده‌كانی گه‌لێك زۆرن و هه‌موو ماڵێك لێی سوودمه‌ند ده‌بێت.
پێڕه‌وى ناوخۆی په‌رله‌مان رێگره له‌وه‌ى پڕۆژه‌كان بگوازرێنه‌وه خولی نوێ، جگه له‌مه‌ی باست كرد، چیتر به گرنگ ده‌زانی دووباره پێشكه‌ش بكرێته‌وه له كاتێكدا پارتى باسی پڕۆژه‌ى چاكسازی ده‌كات؟
وه‌ك ریزبه‌ندی ئه‌وه‌ى سۆشیال له‌وه‌ى چاكسازی به گرنگتر ده‌بینم، ئه‌گه‌رچی ئه‌ویش زۆر شتی باشی تێدایه و ده‌بێ په‌له بكرێت تا بكرێت به یاسا. پڕۆژه‌ى چاكسازیش هی حكوومه‌ت بووه، نازانم پێشكه‌شی ده‌كاته‌وه یان نا، به‌ڵام وه‌ك یه‌كێتی ده‌یكه‌ین به پاكێجی جیاواز، بۆ نموونه ناعه‌داله‌تى جیا ده‌كه‌ینه‌وه له گه‌نده‌ڵی، به‌مه‌ش ئاسانتر تێده‌په‌ڕێنرێت و روونتر ده‌بێت.
له خولی رابردوودا تۆ یه‌كێك بوویت له‌وانه‌ى پاساوی ده‌رماڵه‌تان كرده رێگری، هه‌ندێك باسیان له‌وه ده‌كرد ده‌كرێته بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا بۆچوونێكی تر هه‌بوو كه یه‌كێتی بۆیه رێگری لێ كرد چونكه له كۆی 165 هه‌زار خانه‌نشینی، 100 هه‌زاری هی یه‌كێتییه؟
نه‌خێر ژماره‌كه هه‌ڵه‌یه، یه‌كێتی و گۆڕان و سۆسیالیست و كۆمه‌ڵ، به هه‌ر چوارمان 37 هه‌زار خانه‌نشینی تایبه‌تمان هه‌یه، نازانم ئه‌وانی تر چه‌نده. بۆیه دووپاتى ده‌كه‌مه‌وه له‌سه‌ر ده‌رماڵه رێگریم كردووه و ترسم هه‌بووه و داواشم له حكوومه‌ت كرد ده‌رماڵه‌ى كام توێژی فه‌رمانبه‌ران ده‌بڕن، ئه‌وان وه‌ڵامیان نه‌دایه‌وه. چونكه ده‌رماڵه‌ى نایاسایی حكوومه‌ت خۆی داویه‌تى و با خۆی بیبڕێت، بۆیه ئه‌گه‌ر دووباره حكوومه‌ت ویستى بیبڕێ، داوای روونكردنه‌وه‌ی لێ ده‌كه‌ین كه بۆچی ده‌یبڕن، كه وه‌ڵامی دایه‌وه ئێمه‌ش قسه‌ى خۆمان ده‌كه‌ین.
له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئه‌و پرسه له نێوان ئێوه و بێگه‌رد تاڵه‌بانی قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت، بڕیاری كۆتایی دراوه؟
ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌ب سیاسی بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات.
ئه‌گه‌ر بێگه‌رد تاڵه‌بانی كرایه سه‌رۆك په‌رله‌مان هه‌ڵوێستت چی ده‌بێت؟
پیرۆزبایی لێ ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر منیش ده‌رچووم مافی خۆمه.
به‌ڵام ئه‌مه یه‌كلا بووه‌ته‌وه بۆ یه‌كێتی كاندید ده‌ستنیشان ناكات؟
پێش 18ى ئه‌م مانگه، ئه‌و پرسه له‌ناو یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه، یان مه‌كته‌بی سیاسی بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات، یانیش ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تى به ده‌نگدان یه‌كلای ده‌كاته‌وه. به‌ڵام وه‌ك رێواس، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام له ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تى به ده‌نگدان یه‌كلا بكرێته‌وه وه‌ك چۆن كاندیدی یه‌كێتی بۆ سه‌رۆك كۆمار له‌وێ ده‌نگی له‌سه‌ردرا، گرنگی ئه‌و ده‌نگدانه‌ش له‌وه دایه، ئه‌و كه‌سه‌ى ده‌نگی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تى ده‌بێت و ده‌بێته نوێنه‌ری یه‌كێتی، ئه‌وا پشتگیری ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تى هه‌ر هه‌مووی هه‌یه.
به‌و پێیه‌ى له سیاسه‌تدا كاراكته‌ره سیاسییه‌كان ویستیان هه‌یه، هه‌وڵت داوه و كارت كردووه بۆ ئه‌وه‌ى ببی به سه‌رۆكى په‌رله‌مان؟
بێگومان. ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسییه و به بڕیاری فه‌رمی یه‌كێتی یه‌كلا ده‌بێته‌وه، من به‌رنامه‌ی خۆم بۆ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌ب سیاسی ده‌خه‌مه ڕوو كه ئه‌مه تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی منه و ئه‌گه‌ر ببم به سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌وه ده‌كه‌م، بێگه‌رد خان‌یش به‌هه‌مانشێوه، جگه له‌مه هه‌ڤاڵانیش له سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌ب سیاسی هه‌ردووكمان ده‌ناسن، ده‌مێنێته‌وه سه‌ر بڕیاری سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌ب سیاسی.