یەكێتی تێكچوونی باری تەندروستی هێرۆ ئیبراهیم رادەگەیەنێت

:: PM:02:19:09/02/2019 ‌

بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای دەكات، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هاوسەری سكرتێری كۆچكردووی حزبەكەی و ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی یەكێتی تێكچووە و ناتوانێ بەشداری كۆبوونەوەكان بكات.

ئەمڕۆ شەموو نۆی شوبات، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی حزبەكەی لە بارەی ئامادەنەبوونی هێرۆ لە كۆبوونەوەكان گوتی، هێرۆ خان تەندروستیی زۆر باش نییە بۆیە ئێستە بەشداری لە كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ناكات.

گوتەبێژی یەكێتیی گوتی، هیواخوازین هاوسەری سكرتێری پێشووی یەكێتی زوو چاك بێتەوە و بەشداری كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بكاتەوە.

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هاوسەری  جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتییە و لەماوەی ڕابردووش ئامادەنەبوونی لە كۆبوونەوەكان دەنگۆی نەخۆشكەوتنی هەبوو، بەڵام بەرپرسانی یەكێتی زانیارییان ئاشكرا نەدەكرد و ئێستەیش بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی لە شوێنی ئەو دەچێتە كۆ بوونەوەكان و ئامادە دەبێت.

كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەمەبەستی گفتوگۆكردن بوو لەسەر پرسی بەشداریكردن و ئامادەكردنی نووسراوی هاوبەش لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نۆیەمی حكوومەت.



وشە - رامیار جەواد