هاتوچۆی لایه‌نه‌كان تا ئێسته هیچی لێ سه‌وز نه‌بووه بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتوو, هه‌رچه‌نده ده‌ڵێن كۆبوونه‌كان باش و ئه‌رێنین, به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێك دیار نییه. كاكه‌مین نه‌جاڕ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی-هه‌ولێر, له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا هۆی رێكنه‌كه‌وتنی لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ ده‌خاته ڕوو. هاوكات رای ده‌گه‌یه‌نێت كه نابێ پێكهێنانی حكوومه‌ت بگات به مانگی ئاداری داهاتوو.
نه‌جاڕ له‌باره‌ی به‌شداری گۆڕان له حكوومه‌ت، ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه بزووتنه‌وه‌كه بۆچوونی گۆڕاوه و هه‌ر چوار ساڵه‌كه له حكوومه‌تدا ده‌مێننه‌وه. بۆ كۆمه‌ڵی ئیسلامیش باس له‌وه ده‌كات كه هێشتا لایه‌ن و پێكهاته‌كان ماون پارتی له‌گه‌ڵیان كۆ ببێته‌وه بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت.
بۆچی كۆبوونه‌وى پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌وه‌نده دواكه‌وت؟
براده‌رانی یه‌كێتی داوایان له ئێمه كرد كه كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی سێشه‌م ئه‌نجام نه‌درێت, هیچ قسه‌یه‌كیشیان له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌كرد كه گوایه له لێدوانی به‌رپرسانی ئێمه نیگه‌ران بووبن تا كۆبوونه‌وه‌كه نه‌كرێ, ته‌نیا گوتیان با بۆ كاتێكی تر دوا بخرێ, ئێمه‌یش گوتمان باشه.
ئه‌و چه‌ند كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجام دراون گه‌یشتوون به‌چی؟
چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك كراون و تێیاندا گفتوگۆ له‌باره‌ی پۆسته‌كان و حكوومه‌تی ئاینده كراوه, لێكتێگه‌یشتنی باش هه‌بووه, نزیك بووینه‌وه له هه‌نگاوه‌كانی كۆتا, بۆیه ئه‌گه‌ری زۆره ئه‌گه‌ر ئه‌وجاره كۆبوونه‌وه بكرێ, بگه‌ین به رێككه‌وتن.
له‌سه‌ر چی ماوه رێك بكه‌ون و خاڵه ناكۆكه‌كان چین تا ئێسته؟
كه‌سمان له‌سه‌ر پڕۆژه و خاڵه سه‌ره‌كییه‌كان كێشه‌مان نییه, پڕۆژه‌ی لایه‌نه‌كان له یه‌كه‌وه نزیكن، ئه‌وانیش هه‌ڵگرتنی پاشه‌كه‌وتی مووچه و بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری بۆ هاووڵاتییان, حكوومه‌تی ئاینده به‌هێز بێت و حكوومه‌تی خه‌ڵك بێت, ئه‌و یاسایانه‌ی له په‌رله‌مان پێویستی به هه‌مواركردنه‌وه هه‌یه تێپه‌ڕێنرێن.
له‌سه‌ر ئه‌مانه هه‌موومان كۆكین، ئه‌وه‌ی تا ئێسته ناكۆكی له‌سه‌ره پۆسته‌كانه، هه‌ندێك پێی وایه ده‌بێ پێنج وه‌زیری هه‌بێ و لاكه‌ی تر ده‌ڵێ چوار وه‌زیرم ده‌وێ, ئێمه‌یش ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ پێوه‌ری هه‌ڵبژاردن و رێككه‌وتنی سیاسی, كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌مان نییه به‌گشتیی.
ئێمه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بۆچوونی جیاوازمان هه‌بوو, ئه‌وان پێیان وابوو له‌گه‌ڵ پێكهێنانی حكوومه‌ت دۆسیه‌ی كه‌ركووك و پۆسته‌كانی به‌غدا بكرێن به یه‌ك پاكێج, ئێمه‌یش له‌سه‌ر ئه‌وانه بۆچوونمان جیاواز بوو، چونكه پێمان وایه له هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبژاردن كراوه و دۆسیه‌كان با تێكه‌ڵی یه‌كتر نه‌كرێن.
له‌سه‌ر ئه‌وانه دوو لیژنه پێكهاتوون و یه‌كیان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان, ئه‌وه‌ی تریان تایبه‌ته به كه‌ركووك، كێشه‌ی كه‌ركووك ده‌بێ له به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێ و پێوه‌ندی به حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه نییه. به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت و په‌رله‌مان كارا بن، ده‌توانن باشتر له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆ بكه‌ن له‌سه‌ر كێشه‌ی كه‌ركووك.
چه‌ند پۆست بۆ یه‌كێتی یه‌كلا بووه‌ته‌وه؟
له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كێشه‌ی پۆسته‌كانمان نییه, پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت بۆ یه‌كێتییه, له‌سه‌ر وه‌زیره‌كانیش پێك دێین, چه‌ند وه‌زیره و كامه وه‌زاره‌ته كێشه‌مان نییه. ئه‌وه‌ی وای كرد پێكهێنانی حكوومه‌ت دوا بكه‌وێ، دۆسیه‌كانی كه‌ركووك و به‌غدان. زیاد و كه‌مییه‌ك بۆ ئێمه نابێته كێشه.
كه‌واته ده‌توانی بڵێی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ كه‌ی ده‌بێت؟
ده‌بێ له‌م مانگه‌دا شوبات/فێبرایه‌ر حكوومه‌ت پێك بێت و نه‌گاته مانگی داهاتوو ئادار/مارس، ده‌بێ هه‌موو شتێك ته‌واو بووبێت, واته تا نیوه‌ی مانگی دوو په‌رله‌مان ده‌ست به كاره‌كانی بكات, چونكه دواكه‌وتنی زیاتر باش نییه, بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ش نه‌بێته نه‌ریتێك، چوار مانگه هه‌ڵبژاردن كراوه و حكوومه‌ت پێكنه‌هاتووه، بۆ كێ مانگێكی تر پێكهێنانی حكوومه‌ت دوا بكه‌وێ؟.
پارتی دیموكراتی كوردستان تا كه‌ى چاوه‌ڕوانی یه‌كێتی ده‌كات؟
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌توانێ خۆی یه‌كلا بكاته‌وه له‌سه‌ر كاندیده‌كانیان, به‌تایبه‌ت قوباد تاڵه‌بانی بۆ جێگری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ئه‌وانی تریش له‌ناو په‌رله‌مان ده‌نگ به‌ده‌ست دێنن و چاره‌سه‌ر ده‌كرێ.
كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان گه‌یشتووه به‌چی و گره‌نتی هه‌یه ئه‌زموونی رابردوو دووباره نه‌بێته‌وه؟
ئێسته بارودۆخ گۆڕاوه و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان خۆیان حه‌زیان لێیه به‌شداری حكوومه‌ت بكه‌ن، ئه‌زموونیان له حكوومه‌تی رابردوو وه‌رگرتووه كه ئه‌گه‌ر دژی پارتی بوه‌ستنه‌وه كورسییه‌كانیان زیاد ده‌كات, ده‌ركه‌وت پێچه‌وانه‌كه‌ی راسته و كورسییه‌كانیان كه‌می كرد, هه‌روه‌ها گۆڕان ئێسته به‌رچاوی روونتره له جاران, بۆیه پێشبینی ده‌كه‌م تا كۆتا له حكوومه‌تی داهاتوودا ده‌مێننه‌وه.
گۆڕان پڕۆژه‌ی هه‌یه بۆ چاكسازی و دژی گه‌نده‌ڵی, با بتوانن له حكوومه‌ت كاری له‌سه‌ر بكه‌ن, چونكه ئێمه‌یش هه‌مان پڕۆژه‌مان هه‌یه, ئه‌وه‌ی گرنگه تا چه‌ند ده‌توانین پڕۆژه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ین.
تاكه لایه‌ن بێ نازه و دیار نییه ده‌كه‌وێته حكوومه‌تی داهاتوو یان نا، كۆمه‌ڵی ئیسلامییه، كه‌ی به‌نیازن ئه‌م بابه‌ته تاوتوێ بكه‌ن له‌گه‌ڵیاندا؟
كۆمه‌ڵی ئیسلامی خۆیان ده‌زانن به‌شداری ده‌كه‌ن یان نا, به‌ڵام پارتی سه‌ردانی هه‌موو لایه‌ك ده‌كات, ته‌نیا ئه‌وانه نه‌بێ كه خۆیان نایانه‌وێ به‌شداری حكوومه‌ت بكه‌ن, تا ئێسته كۆبوونه‌وه و دانیشتن ماوه بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت و ئێمه ده‌بێ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانیش دابنیشین.
ئایا پارتی به‌رانبه‌ر به سه‌رۆك كۆماری عێراق هه‌ڵوێستی گۆڕاوه؟
بابه‌تی سه‌رۆك كۆمار لای ئێمه باس نه‌كراوه, چونكه ئێمه سه‌رقاڵی پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێمین.
وشه/ دیمانه- زریان ته‌ها