گرووپێكی چەكدار لە سلێمانی دەست بەسەر موڵكەكانی شارەوانیدا دەگرن و بە چەكەوە دەسووڕێنەوە

:: PM:06:28:11/02/2019 ‌
بەپێی ئەو زانیاریانەی كە تایبەت بە "وشە" دراون ژمارەیەك هاووڵاتیی لە بەشی خۆرهەڵاتی دەروازەی سلێمانی دەستیان بە داگیركردن و فرۆشتنی زەوییەكانی شارەوانی كردووە و هیچ لێپرسینەوەیەكیش نییە و تا ئێستەش 500 پارچە زەویان فرۆشتووە كە موڵكی شارەوانیین.

ئەمرۆ دووشەم 11ی شوبات، محەمەد وەهاب بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، سەردانی گوندی "كانی شینكە"یان كردووە لە دەروازەی شاری سلێمانی لە بەشی رۆژهەڵاتی سلێمانی لەسەر رێی عەربەت، ژمارەیەك هاووڵاتیی دەستیان بە تاڵانكردن و فرۆشتنی زەوییەكانی شارەوانی كردووە.

زیاتر گوتی، زەوییەكان سەر بە شارەوانی سلێمانی و موڵكی شارەوانین پێویستە هەرچی زووە پارێزگا و لایەنە تەناهییەكان رێگری و سنوورێك بۆ ئەو كەسانە دابنێن، چونكە خەریكە تەواوی زەوییەكانی ئەو ناوچە دەفرۆشن.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕوونی كردەوە كە ئەو كەسانە چەكیان پێیە و هیچ مۆڵەتێكی فەرمیان نییە و هەر پارچە زەویەك بە دوو تا سێ‌ هەزار دۆلار دەفرۆشن و حیساب بۆ هیچ لایەنێك ناكەن.

چەند ساڵێك پێش ئێستە لە ناوچەی تانجەڕۆ لە دەوربەری قەرەداغ لە سلێمانی ژمارەیەك هاووڵاتیی كە بەرپرسیاریەتییان هەیە بە چەك و هێز دەیان زەوی شارەوانی سلێمانیان لە ناوچەكە فرۆشت بە نرخێكی كەم و هیچ لێپرسینەوەیەكیش نەكراوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سه‌رخێڵ هاشم