بۆ دروستكردنی زه‌یت و سركه‌ ژنێك ماڵه‌كه‌ی ده‌كاته‌ كارگه‌

:: AM:09:28:12/02/2019 ‌

ژنێكی به‌ ته‌مه‌ن له‌ سلێمانی، ماوه‌ی 12 ساڵه‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی كردووه‌ به‌ كارگه‌ی دروستكردنی هه‌موو جۆره‌ زه‌یته‌كان و سركه‌ی جیاواز، مه‌به‌ست له‌م كاره‌یشی به‌گوته‌ی خۆی "دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رییه‌ بۆ نه‌خۆشییه‌كان".

ڕووناك سه‌لیم  /58 ساڵ/ له‌ شارۆكه‌ی ماوه‌تی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی له‌ دایك بووه‌ و ئێسته‌ نیشته‌جێی ناو سلێمانییه‌، ١٢ ساڵه‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی كردووه‌ به‌ كارگه‌یه‌كی بچووك و له‌ ژێر ناوی "نهێنییه‌كانی سروشت بۆ نوێبوونه‌وه‌ی ژیان"، زه‌یت و سركه‌ دروست ده‌كات.

له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی ده‌ستپێكردنی كاره‌كه‌ی، رووناك به‌"وشه‌"ی گوت، ساڵی 2007 تووشی نه‌خۆشیی ڕۆماتیزم و بڕبڕه‌ و سه‌وه‌فان بووم و سه‌ردانی زۆر پزیشكم كرد و چاره‌سه‌ر نه‌كرا، تا وای لێ هات نۆره‌ی نه‌شته‌رگه‌رییان بۆ نووسیم."

 ئه‌و ده‌ڵێت "چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ بووم خودا ده‌رگه‌یه‌كم لێ بكاته‌وه‌، كتێبێك كه‌وته‌ به‌رده‌ستم باسی له‌ گرنگی زه‌یتی زه‌یتوون و زه‌یته‌كانی تر و سركه‌ ده‌كرد، بۆ ئازاری ئێسك و به‌هێزكردنی. منیش ده‌ستم كرد به‌ دروستكردنی سركه‌ی سێو و دواتریش زه‌یته‌كان و به‌كارم هێنان، دوای حه‌وت ساڵ ناڵاندن به‌ ده‌ست نه‌خۆشی و ئازاری ئێسكه‌وه‌، له‌ ماوه‌ی مانگێكدا سه‌وه‌فانم چاك بووه‌وه‌، ڕۆماتیزمه‌كه‌م كه‌ له‌ سه‌رووی 50 پله‌ بوو، ئه‌ویش نه‌ما و ئازاری بڕبڕه‌كه‌شم به‌ ته‌واوی چاك بووه‌وه‌، خۆشبه‌ختانه‌ ئێسته‌ له‌ گرووپی شاخڕه‌ویم و هه‌فتانه‌ زیاتر له‌ 17 كیلۆمه‌تر ده‌بڕم."

دوای ئه‌وه‌ی ڕووناك به‌و زه‌یته‌ سروشتییانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت، ئامێرێك ده‌كڕێت و هه‌ر له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا ده‌ست ده‌كات به‌ دروستكردنی سركه‌ و هه‌موو جۆره‌ زه‌یتێك، به‌شێوه‌یه‌ك ماڵه‌كه‌ی خۆی كردووه‌ به‌ كارگه‌یه‌كی بچووك.

ئه‌و روونی كرده‌وه‌، سه‌ره‌تا كه‌ ده‌ستی كرد به‌ دروستكردنی ئه‌و زه‌یته‌، پێشكه‌شی خه‌ڵكی ده‌كرد، له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی سوودی باشی لێ بینیبوو و حه‌زی ده‌كرد خه‌ڵكی تریش سوودی لێ ببینن، دواتر كردی به‌ كارێكی بازرگانی بۆ خۆی و به‌ پاره‌ خستیه‌ بازاڕه‌وه‌. ئێسته‌ هیوای ئه‌وه‌ش ده‌خوازێت ئه‌گه‌ر باری دارایی باش بێت، كارگه‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌كاته‌وه‌ و هه‌لی كاریش دابین ده‌كات.

گوێز، زه‌یتوون، ڕۆزماری، قه‌ڵه‌م تۆز، گوڵی سوور، گه‌ڵای غار، باده‌م، مۆرد، شمڵی، ڕه‌شكه‌، بیبه‌ری توون و هه‌ر شتێك كه‌ زه‌یتی تێدا بێت، ئه‌و ژنه‌ به‌ توانایه‌ سوودی لێ ده‌بینێت بۆ دروستكردنی زه‌یته‌ جۆراوجۆره‌كان. له‌ میوه‌كانی وه‌ك سێوی سه‌وز و به‌هێ و جۆره‌كانی تریش سركه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت.

ڕووناك ده‌یه‌وێ به‌م جۆره‌ زه‌یت و سركانه‌ سوود به‌ ته‌ندروستی خه‌ڵك بگه‌یه‌نێت و نه‌خۆشییه‌كانی بڕبڕه‌ و سه‌وه‌فان و ده‌والی و ڕۆماتیزم و نه‌خۆشییه‌كانی قژ و پێست و قۆڵۆن چاره‌سه‌ر بكات.

خۆی داوا له‌ خه‌ڵك ده‌كات دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌ نه‌شته‌رگه‌ری و به‌كارهێنانی ده‌رمان، به‌ڵكو به‌ ڕێی سروشتی و به‌ ئاسانترین شێوه‌ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌ باوه‌كان بكه‌ن كه‌ هه‌ر تاكێك به‌ ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت.

سلێمانی/ ئاریان محه‌مه‌د











وشە - تایبه‌ت